وەزیری داد: کێشەی مووچە بە بنەڕەتی چارەسەر بووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە یاسا چارەسەر کراوە.
لەبارەی زەویی جووتیارانی کوردەوە لە کەرکووک، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەوەی پەیوەستە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە؛ یاساکە دەرچووە و چاوەڕوانی دەرچوواندنی رێنوێنی دەکەین، کە ئینشائەڵلا لە ماوەی دوو مانگدا دەردەچێت و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت".
وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دەسەڵاتی پێشووتری عێراقەوە هەیە، "لە ماوەیەکی نزیکی دوای جەژن، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت".
وەزیری دادی عێراق کە لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە و کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی لە شاری کەرکووک بوو، باسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکەشی کرد.
خالید شوانی گوتی: "ئەو هێزە سیاسییانەی ئەم ئیدارەیان پێکهێناوە، باوەڕیان بە هاوبەشیی راستەقینە هەیە؛ باوەڕمان بە پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک نییە و بەردەوام دەرگامان واڵابووە، دەستیش بۆ هەر پێکهاتە و حیزبێک درێژ دەکەین کە ئامادەبێت لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی بکات".
وەزیری دادی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، "کێشەی مووچە بە بنەڕەتی چارەسەر بووە؛ هیچ کێشەیەکی یاسایی و سیاسیی لەپشتەوە نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە رێوشوێنە کارگێڕییەکانن و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی عێراق بگونجێنێت بۆ ئەوەی چیدی مووچە دوانەکەوێت."
شوانی گوتیشی، کێشەی مووچە بە یاسای بودجە، بڕیاری دادگەی فیدراڵی و رێککەوتنی بەغدا و هەولێر چارەسەر بووە، "ئێمە بەردەوام دەیڵێینەوە، ئەو کێشانەی هەن تەکنیکین نەوەکو سیاسی و پێویستی بە خۆگونجاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی فیدراڵی".
