ئیسرائیل بۆ حەماس: ئەمە دوا ساتەکانتە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایانگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل لە رێگەی ناوبژیوانانەوە بە حەماسیان وتووە؛ کە ئەمە دوا ساتەکانتانە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرانەوە هۆشداریی بە حەماس داوە ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، وەک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا وتی، دەرگای دۆزەخیان لێدەکەنەوە.
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەری ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردبووەوە، کە سوپای ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی دژ بە حەماس فراوانتر دەکات".
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە بەشێکە لە هەڵمەتی "فشاری زیاتر"، کە ئامانج لێی ناچارکردنی حەماسە بە ئازادکردنی زۆرترین بارمتە.
پێشتر خەلیل حەیە سەرۆکی حەماس لە غەززە رایگەیاندبوو، چەکەکانمان هێڵی سورن.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕوونیکردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست نەکرێت ئەگەری هەیە سوپای ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززە داگیر بکات و دوو ملیۆن فەلەستینی ئاوارەبن.
ڕۆژی سێشەممە 2025-03-18، دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و برینداربوون.
