باخچەلی: شەقام چارەسەر نییە، گفتوگۆ تاکە رێگایە

دوێنێ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەخنەی توندی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو و جەختی کردەوە کە "شەقام چارەسەر نییە".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی توندی دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی جەهەپە دەربڕی کە لە دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ، بەڕێوەدەچن.
باخچەلی لە وتارەکەیدا نوسیوێتی: "قسە و ئازادیی رادەربڕین مافێکی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە مایەی تێکدانی دۆخی گشتی و خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە".
سەرۆکی مەهەپە راشیگەیاند: "هەموو ئەو وتانەی کۆمەڵگە بۆ پشێوی، تووندوتیژی و یاخیبوون ئاراستە دەکەن، بە واتای پێشێلکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دێن".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی مانگی رابردوو، چەندین جار داوای لە لایەنگرانی کردووە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانی نێوان لایەنگرانی جەهەپە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، باخچەلی گوتی، شەقامەکان رێگەچارە نین و دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، "هەر شوێنێک ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبێت، ناتواندرێت تێیدا باس لە ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت."
دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئادار و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی هەمان مانگ، ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتووەتەوە.
باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە لە رێگەی هاندانی خراپەوە، بەربەست بۆ بنیادنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی دروست بکەن، شکست دەهێنن."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.
