تا پێنج شەممە لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەکرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، تاوەکو ڕۆژى پێنج شەممە لیستی مووچە ئامادە دەبێت و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغداد دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، دەبێت تاوەکو رۆژی پێنجشەممە هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی چواریان لە فەرمانگە و وەزارەتەکان وەرگرتبێت و بە ئامادەکراوی رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن، چونکە دەیانەوێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار بێ کەموکورتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
دەشڵێت، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستەکە دەبەنە بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن، دڵنیاشن لەوەی کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردن و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا نابێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە گەنجینەی دووی سلێمانی دەڵێت، لە سەرجەم فەرمانگەکان تاوەکو درەنگی شەو فەرمانبەرانی بەشی کارگێڕی و ژمێریاری و ئای تی، سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانیانن بۆ ئەوەی بە زوویی تەواوبکرێت.
وتیشى: بەڵام بۆ ئەم مانگە لیستەکە لە سلێمانی بە سیستمی پایرۆڵ ئامادە دەکرێت و پێویستی بە شارەزایی و وردەکاری زیاترە و بەشێک لە فەرمانبەرەکان شارەزای سیستەمەکە نین، بەڵام هەوڵدەدرێت بە زووی لەگەڵ سیستەمە رابێن، چونکە ئامادەکردنی لیستی مووچەی خێراتر کردووە.
