وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێکی بە ماتۆڕسکیل دەرکرد

یەک هەفتە لەمەوپێش
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد و رایگەیاندووە، هاتوچۆی پارێزگاکانمان راسپاردووە دەست بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێکدا بگرن کە بە دەنگەکانیان خەڵک بێزار دەکەن.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، ڕێکەوتن کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کە دەست بکەن بە تۆمارکردنی ماتۆرسکیلەکانیان لە بەرێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و هێنانی ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان.
لەبەشێکیدا هاتوە: داوا دەکەین کە دایک و باوکان چاودێری منداڵەکانیان بکەن و ڕێگا نەدەن کەس بە ماتۆری تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکات و ژیانی خۆی و خەڵکی دیکە بخاتە مەترسی.
دەقی راگەیەنراوەکە:
لێژنەی باڵای پەرەپێدانی هاتوچۆ ژمارەیەک بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکات
لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ئامادەبوونی لیوا دیدار عومەر قادر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و بەڕێوەبەری هاتوچۆکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی بەشی مۆڵەت و سەرپەرشتیارانی هۆبەکانی مۆڵەتی شوفێری، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک بابەتی گرنگ و پەیوەست بە سەلامەتی هاووڵاتیان تاوتوێکرا.
بابەتی یەکەم تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتی رێگاوبان بەسەر هەموو شوفێران و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن و پابەندی پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەرانی شەقام نابن. هەروەها گفتوگۆ بەتایبەت لەسەر بابەتی هەبوونی ماتۆرسکیل لە سەرشەقامەکان و بەکارهێنانی بۆ گەیاندنی خواردن کرا.
باس لەوە کرا کە ڕێکەوتن کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کە دەست بکەن بە تۆمارکردنی ماتۆرسکیلەکانیان لە بەرێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و هێنانی ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان.
بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارەکان راسپێردران کە دەست بگرن بەسەر هەر ماتۆرسکیلێک کە دەستکاری دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات، هەروەها ئەو ماتۆرسوارانەی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکەن و سەرکێشی دەکەن، هەر ماتۆرسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
کۆبوونەوە داوای لە هاووڵاتیانی ئازیز کرد کە هەماهەنگ بن و هاوکاری حکومەت بن لە کۆنترۆڵکردنی دیاردەی ماتۆرسکیلی بێ سەرەتا و ئەو مەترسیانەی دروستی دەکەن لە ڕێی تۆمارکردنی ماتۆرەکانیان و بەکارنەهێنانی ماتۆری بێ سەرەتا.
داوا دەکەین کە دایک و باوکان چاودێری منداڵەکانیان بکەن و ڕێگا نەدەن کەس بە ماتۆری تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکات و ژیانی خۆی و خەڵکی دیکە بخاتە مەترسی. ئەو جۆرە دیاردانە بە توندی مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆرەکانیان دەگیرێت.
هەروەها کۆبوونەوە جەختی لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوان وەزارەت و کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کردەوە کە پێویستە پابەند بن بەو ماوەیەی بۆیان دیارکراوە لە تۆمارکردنی ماتۆرەکانیان و هێنانی ماتۆری کارەبایی، بە پێچەوانەوە دەست دەگیرێ بەسەر ماتۆری تۆمار نەکراو و بێ تابلۆ.
کۆبوونەوە جارێکی دیکە ئاگاداری کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن دەکاتەوە کە پێویستە ماتۆرسوارەکانیان پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و خێرایی ڕێگەپێدراو. هەر ماتۆرسوارێک لە خێرایی رێگاپێدراو زیاتر شوفێری بکات و لە کامێراکان تۆمار بکرێت، کۆمپانیای گەیاندنی خواردن ناچار دەکرێت سزای دارایی بدات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە باس کردن بوو لە دەستکەوتەکانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بوونەتەوە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و مردن و بریندار بوون. وەزارەت پابەندی خۆی بە دامەزراندنی کامێراکان لە هەموو کوردستان کردەوە و پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە. بۆ ئەم مەبەستە داوا کرا هاووڵاتیانی خۆشەویست لە پێناوی سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان، پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و سەرپێچی و سەرکێشی نەکەن و لە خێرایی ڕێگە پێدراو شوفێری بکەن.
تەوەری دیکە تایبەت بوو بە سیستەمی نوێی راهێنان و پەروەردەکردنی شوفێر کە چۆتە بواری جێبەجێکردن.بەمەبەستی ئامادەکردنی شوفێرێکی سەلامەت، پێویست وایە هەموو پێشکەشکارێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری یەکەمجار، بەشداری لە خولەکانی فێربوونی شوفێری بکات بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی بۆ ئەوەی کە دەبێتە خاوەن مۆڵەتی شوفێری و دەچێتە سەر شەقام، ببێتە شوفێرێکی خاوەن زانیاری یاسایی و بەئاگا و هۆشیار.
بەم جۆرە شوفێر دەتوانێت باشتر خۆی لە کارەسات بپارێزێ و رێز لە مافەکانی خۆی و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام بگرێت. کۆبوونەوە بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی ڕاسپارد کە دەست بکەن بە دابەشکردنی فۆرم بۆ پێشکەشکارانی مۆڵەت و لە هەر شوێنێک پێداویستی بۆ دەستپێکردنی سیستمەکە هەیە، بە پەلە پێداویستییەکان دابین بکرێن. کۆبوونەوە سیستمی نوێی پەروەردەکردنی شوفێری بە دەستکەوتێکی گرنگ زانی و لێژنەکانی چاودێری پرۆسەکەی راسپارد کە هاوکار بن و چاودێری جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن وەکو ئەوەی پلانی بۆ داندراوە و لە هەردوو ڕێنمایی ژمارە ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ی وەزارەتی ناوخۆ باس کراوە.
