تۆڕی 19: هێزی ئەمنی چالاكوانێك دەستگیردەكەن و هەڵدەكوتنە سەر ماڵی دوانی تریش

یەک هەفتە لەمەوپێش
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ، سلێمانی: دەستگیركردنی چالاكوانی قەزای پێنجوێن، رێبین عومەرو هەڵكوتانە سەر چالاكوانی قەزاكە كە نیازیان بوو گردبوونەوەیەك رێكبخەن، پێچەوانەی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەوە و داوا دەكات دەستبەجێ ئازاد بكرێت و راوەدوونانی چالاكوانان رابگرن.
بەهۆی بانگەشەكردنیان بۆ گردبوەنەوەیەكی هاوسۆزی بۆ غەزە، پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، لە گەرەكی مامۆستایانی قەزای پێنجوێن هێزێكی ئەمنی رێبین عومەر، مامۆستاو ئەندامی دەستەی خۆپیشاندان بۆ مافەكانی خەڵكی پێنجوێنی دەستگیركرد و چونەتە سەر ماڵی دوو چالاكوانی تریش بە مەبەستی دەستگیركردنیان بەڵام لەماڵەوە نەبوون.
ئەنەس ئەمین خوارەحم، یەك لە رێكخەرانی گربونەوەكەیە بە تۆڕی 19ی راگەیاند، ماوەی هەفتەیەكە دوایان لە ئیداری شارەكە كردوە گردبونەوەیەكی هاوسۆزی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی شاری غەزە رێكبخەن، دوێنێ لە ئیدارەی قەزاكە رەزامەندیمان وەرگرت، كە ئەمڕۆ 9ی نیسان 2025، ئەنجامیبدەین، ووتی" بەڵام پێیان راگەیاندین كە رەزامەندی ئاسایش و پارێزگای سلێمانیشی دەوێ بوەستن"
بە بێ ئەوەی گردبونەوەكە رێبكبخرێت، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە گەرەكی مامۆستایان ( رێبین عومەر)یان دەستگیركرد، پاشان بۆ هەمان مەبەست چونەتە سەر ماڵی (هۆشیار نامق) و (میران كەمال)، بەڵام لە ماڵەوە نەبوون.
بە پێی یاسای خۆپیشاندان، ژمارە(11)ی سالی 2010، سەرۆكی یەكەی كارگێڕی مافی مۆڵەتدانی خۆپیشاندانی هەیە، هەریەك لەنێو یەكەی كارگێڕی خۆیدا. رێكخەران ئەمەیان كردوە نەك بەر لە (48) كاتژمێر بەڵكو بەر لە هەفتەیەك و پاشان یەكەی كارگێڕی كە قائیمقامییەتی پێنحوێنە، رەزامەندی پیشان داوە، ئیتر ئەم دەستگیركردنە بۆ؟
تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت خۆپیشاندان مافێكی دەستوورییەو بەپێی یاسای هەرێمی كوردستانیش رێكخراوە، هەر رێكارێك پێچەوانەی ئەم یاسایە بگیرێتە بەر جیگای سەركۆنەكردنە.
دەستگیركردنی چالاكوانی قەزای پێنجوێن (رێبین عومەر) و هەڵكوتانە سەر ماڵی چالاكوانانی قەزاكە كە بەنیازبوون گردبوونەوەیەك رێكبخەن، پێچەوانەی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە و داوا دەكەین دەستبەجێ ئازاد بكرێن و راوەدوونانی چالاكوان رابگرن.
تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
