پرۆسەی پاککردنەوەی دوکانە سوتاوەکانی بازاڕی دارەسوتاوەکە کۆتاییهات

3 ڕۆژ لەمەوپێش
دوای پێنج رۆژ لە سوتانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی، شارەوانی رایگەیاند، پرۆسەی پاککردنەوە و لادانی پاشماوەی ئاگرەکە کۆتاییهاتووە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو پاککردنەوە و شۆردنی ناو بازاڕی دارەسوتاوەکە کۆتایی هات.
هەروەها ستایشی تیمەکانی دەکات کە چەند رۆژێکە وەک هاوکاری و پشتگیرییەک بۆ کاسبکاران بەردەوامبوون لە پاککردنەوەی بازاڕەکە.
بەرەبەیانی پێنجی ئەم مانگە ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 150 دوکان سوتان.
سۆران عەبدوڵا لێبرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانی سلێمانی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا شوێنەکە پاکدەکەنەوە و دیزاینێکی نوێ بۆ بازاڕەکە دادەنێنەوە و نۆژەندەکرێتەوە.
گوتیشی، پاشماوەی ئاسنی دووکانە سوتاوەکان هیچ کەڵکێکی نەماوە و بەکارناهێنرێتەوە، دەدرێتە کارگەیەکی ئاسن و بە شێواز و کەرەستەی نوێ بازاڕەکە تازەدەکرێتەوە.
ئاگرەکە زیاتر ئەو دووکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی نێو دووکانەکان.
لێکۆڵینەوەکان لەسەر قەبارەی زیانەکان و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای تەوابوونی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.
