بەرەى گەل: لەیادی ئەنفالدا بەرپرسان جورئەت ناکەن بێنە ناو خەڵک

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا، بەرەى گەل پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە ئێستادا ئەوەی برینى ئەنفال زیاتر بەسوێ دەکات، ئەوەیە رۆژانە بەبەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان سەدان تانکەری نەوتی قاچاغ ئاودیوی سنورەکان دەکرێت و ناوچەکانی ئەنفال بوونەتە ناسنامەی گەندەڵی و ناعەدالەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.
هەر بەو ڕاگەیەندراوەى بەرەى گەلدا هاتووە: ناوچەکانی ناسنامەی ئەنفال لە سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بووەتە شوێنی بەخشینەوەی زەوی گرانبەها بەکوڕی بەرپرسەکان و داگیرکردنی بیرە نەوت و کاری مافیایی و سەرانە سەندن.
ڕاگەیانراوێک لەبەرەی گەل ەوە...
٣٧ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی رەفتار فاشی ، لە هەشت قۆناغی یەک لەدوای یەکدا پرۆسەی ئەنفالی کوردی ئەنجامداو بەهۆیەوە ٥٠٠٠ گوند خاپوور کراو ، ٢٩٠٠ مزگەوت و ١٨٠٠ خوێندنگە لەگەڵ زەوی تەختکرا، سەرەنجام دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان لە منداڵ و ژن ، لە پیر و گەنج لەبیابانەکانی باشووردا بەشێوەیەکی دڕندانەو دوور لەهەر بەهایەکی مرۆڤانە و نامۆ بە هەر داب و نەریت و کلتووری گەلان و ناکۆک بەهەر مۆراڵێکی مرۆڤبوون زیندەبەچاڵ کران.
بەمەش بەعسیەکان مەڵۆیەکی گەورەی تریان خستە سەر خەرمانی کار و کردەوە رەگەزپەرستەکانیان و قەتماغەی برینی کیمیابارانی هەڵەبجە ، پرۆسەی تەفسیری کوردانی فەیلی ، تەبعیس و تەعریبی کۆی گەلی کوردیان لەویژدانمان هەڵدایەوە.
لەئێستادا ئەوەی کەئەم برینانە بەسوێ تر دەکات ، ئەوەیە کەرۆژانە بەبەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان سەدان تانکەری نەوتی قاچاغ ئاودیوی سنورەکان دەکرێت. ناوچەکانی ئەنفال بونەتە ناسنامەی گەندەڵی و ناعەدالەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.
ناوچەکانی ناسنامەی ئەنفال لە سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بووەتە شوێنی بەخشینەوەی زەوی گرانبەها بەکوری بەرپرسەکان و داگیرکردنی بیرە نەوت و کاری مافیایی و سەرانە سەندن، لەولایشەو سەدان گەنجی پاشماوەی ئەنفال بەبێ کار دەسورێنەوە و بەبروانامەی بەرزیشەوە دانامەزرێن.
ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ کەقوڵایی ئەنفالستانن، بەهۆی دەوڵەمەندی سامانی سروشتی لەنەوت و گاز ، دەبوایە خۆشگوزەرانترین ناوچەی هەرێم بان، بەڵام بەهۆی دزی و چاوچنۆکی دەسەڵاتدارانی حزبی و حکومی بونەتە رەمزی پشتگوێخستن و نەبوونی پێداویستیە سەرەتاکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە، هەربۆیە ساڵانە لەیادی ئەنفالدا بەرپرسان جورئەتی ئەوە ناکەن بەشداربن و بێنە ناو خەڵک. کەدڵنیاین ئەمانە رۆژێک دێت بەتەواوی لەلایەن گەلەوە رسواو شار بەدەر دەکرێن.
١٤ ی ٤ ی هەموو ساڵێک کەیادی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەکانە. لەقوڵایدا دەرفەتێکیشە بۆئەوەی کەجارێکی تر تیشک بخەینە سەر کۆمەڵێک داواکاری بنەرەتی و کێشەی جەوهەری کەبەدرێژایی ساڵانی رابردوو فەرامۆشکراون و بەهەڵپەسێرراوی ماونە:
١-جێبەجێکردنی تەواوەتی پرۆسەی ناساندنی تاوانی ئەنفال وەک جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی عیراقی بەهەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادگەری و یاسادانانەوە.
٢-حکومەتی عیراق پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پێداویستەیەکانی تایبەت بەهێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوەکانمان کە ژمارەیان زیاتر لە ١٧٠ هەزار هاوڵاتی دەبێت و بەهۆی کێشەی پشکنینی DNA و پاساوی ئەمنی و سستی لەهەنگاوەکانی پرۆسەکە هەتا ئێستا کەسوکاریان لەچاوەروانی ئێسک و پروسکی ئازیزانیان دەستەوسان راوەستاون.
٣- هەردوو حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێم هەوڵی جدیان نەداوە بۆ ناساندنی کەیسی ئەنفال وەک جینۆساید لەئاستی نێودەوڵەتی، کەئەمەش ناهەقیەکی ترە بەرامبەر کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیەکانیان.
٤- دابینکردنی زەوی و شوێنی نیشتەجێکردن بۆ پاشماوەی کەسوکاری ئەو ئەنفالکراوانەی کە بەهەر هۆیەک بێت بێ بەشکراون لەو مافە رەوایەی خۆیان.
پەیمان بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانیان دەبین ، لەبەدیهاتنی داواکاری و مافەکانیان.
بەرەی گەل
٢٠٢٥/٤/١٤
