وەزیرى ناوخۆ: نابێت ئۆتۆمبێلی قاچاخ بێتە هەرێمی کوردستانەوە

3 ڕۆژ لەمەوپێش
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت نابێت ئۆتۆمبێلی قاچاخ بێتە هەرێمی کوردستانەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و کارەکانی لیژنەی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و رایگەیاند، نابێت ئۆتۆمبێلی قاچاخ بێتە هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەربوو بابەتی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاش بە رێگەی یاسایی چارەسەردەبێت.
رێبەر ئەحمەد وتیشی، لیژنەی ئەمنی هەرێمی کوردستان و ئێران کاری خۆی تەواوکردووە، پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدایە، چیتر هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی سەربازی و ئەمنی نین بۆ سەر سنوورە هاوبەشەکان.
لەلایەکى دیکەوە بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو لیژنەیەی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان پێکیهێنابوو هەڵوەشانەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا ناگیرێت، بەڵام هاتوچۆیان لەنێوان پارێزگاکاندا سنوردار دەکرێن.
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ لەو بارەیەوە ڕاگەیاند، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تەنها بۆ ئەوەیە مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنیان فراوان نەبێت، بەڵام دەستیان بەسەردا ناگیرێت و تەنها هاتوچۆی نێوان سنووری پارێزگاکان سنوردارکراوە.
پەیامنێرمان قسەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا کرد و ئەوان دەڵێن، کەس ناتوانێت دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا بگرێت، لەئەگەری دەستبەسەرداگرتنیشیاندا هەڵوێستی توندیان دەبێت کە ژمارەیان زیاتر لە 70 هەزار کەسە لە هەریمی کوردستان، چونکە ژیانیان لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەیە.
