مەسرور بارزانی: هیچ بیانوویەک نییە هەژماری من بەردەوام نەبێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زۆر ناخۆشە بابەتی مووچە ببێت بە هەواڵی مانگانە، وڵاتێکی وەکو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، نەدەبوو ئەمە بابەت بێت".
 
مەسرور بارزانی باسی کێشەیەکی کرد و رایگەیاند، "کێشە لە سیستم هەیە، عێراق خۆی ئابوورییەکی هەیە لەسەر پارەی کاش دروستکراوە، ئەو وڵاتانەی پارەی کاش بنەمای ئابوورییانە، ناتوانن بە ستاندارێکی نێودەوڵەتی پێشبکەون".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە پڕۆژەی 'هەژماری من' کرد و رایگەیاند، "پشتگیریی زۆری سیاسی لێ نەکرا بەتایبەت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنە، من دەتوانم بە راشکاوی بڵێم، ئەوانەی بەشدارن لە پڕۆژەکە، خۆیان باشترین وەڵامیان هەیە. سەرووی 95٪ـی ئەو کەسانەی بەشدارن لە پڕۆژەکە رازین".
 
سەرۆکوەزیران زیاتر لەسەر 'هەژماری من' قسەی کرد، گوتی، هیچ هۆکارێک نییە کە بەردەوام نەبێت، بە هەڵە پڕوپاگەندەی بۆ کراوە، هاووڵاتی دەبێتە خاوەن هەژماری خۆی و حکومەت مووچەی پێدەدات".
 
باسی سوودێکی دیکەی پڕۆژەکەیشی کرد و گوتی "ژێرخانی ئابووری دروستدەکات بۆ وڵات. خەڵک دەتوانێت قەرزی بانکی وەربگرێت. بۆ شەفافیەتیش باشترە"

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیهان، ڕایگەیاند "پێموایە لەوانەیە زۆر زەحمەت بێت، نەک بۆ من، بۆ هەر کەسێک کە خوێندنەوەیەکی  تەواو و ورد بۆ هەموو ئەو ڕووداوانە بکات کە ئێستا لە ئارادان، بەڵام ئەوەی دیارە گۆڕانکارییەکی خێرا و هەستیار لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. ئەو گۆڕانکارییانەش هەندێکیان لەوانەیە چاوەڕواننەکراو بووبن، وەکوو ئەوەی کە بینیمان ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی لە سووریا ڕووی دا. پێموایە لە ئاستی چاوەڕوانکردنی خودی دەسەڵاتی ئێستای سووریا و دەسەڵاتی پێشووتریش نەبوو، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە زۆر خێرا هاتنە کایەوە و بارودۆخێکی نوێیان خوڵقاند بە تایبەتی لە وڵاتی سووریا. "


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، ڕایگەیاند "هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا وایکردووە، ئێستا حکوومەتێکی نوێ بە سیاسەتێکی جیاواز، حوکمڕانی لە ئەمەریکا دەکات کە سیاسەتێکی جیاوازتریان هەیە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ئەو شەڕ و پێکدادان و ناخۆشییانەی لە ناوچەکەدا هەن دیسان ئەمانەش هەمووان کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر  تەواوی ڕووداوەکانی ناوچەکە هەیە. ئێمەش بەدەرنابین لەو گۆڕانکارییانەی هەیە، بەڵام چۆن ئێمە بتوانین خۆمان بگونجێنین؟ هەروەک پێشتریش ئێمە باسمان کردووە، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئێمە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ تەشەنەکردن و خراپترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە نەبین."

مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە ئەگەر بتوانین دەورێکی کاریگەر لە یەکنزیکردنی لایەنەکان و باشترکردنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتی بگێڕین، ئەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەم ململانێیە خوانەخواستە و کێشەکان ئاڵۆزتر بکات. نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدایە و خەڵکی ئێمەش ماندوو بووە. خەڵکی ئێمەش چاوەڕێی ژیانێکی باشترە و ئاییندەیەکی باشترە. هەر هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا هەبێت، هەرێمی کوردستان پێویستە خۆی لەو بەرەیەدا ببینێتەوە." 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی سیاسەتی کابینەی نوێی ئەمەریکا گوتی: "من خوێندنەوەیەکی جیاوازم نییە لەوەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوەی کە لە خودی ئەمەریکییەکان دەبیستین، ئەوان دەیانەوێت بە تایبەتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بکەین. بەڵام چۆنییەتی گەیشتن بە ئاشتی ڕێکاری جیاوازتریان هەیە؛ ئەوان باس لەوە دەکەن، ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە، کەواتا بە کارهێنانی هێز بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکرێت. ئینجا ئەگەر ئەم سیاسەتەکەیان بێت، دەبێت لایەنەکانی تریش بتوانن چۆن تەعامول لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمەریکا بکەن."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: "ئێمە پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا هەیە، بەتایبەت ئەو  برادەرانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان. بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دۆستێکی کۆنی ئێمەیە، هەر وەختی خۆیشی کە سیناتۆر بووە، زۆر پشتیوانیی مافەکانی کوردستان بووە و چەندان بەرپرسی تریش لە شوێنە گرنگەکانی ئەم ئیدارەیە هەن کە دیسان ئەوانیش دۆستی نزیکی ئێمەن. ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانمان لەگەڵیان، بەڵام هەمیشەش هەوڵی ئەوەمان داوە کە عاملی خێر بین و هەرچی بتوانین لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدا بێت، بەتایبەتی خەڵکی کوردستاندا بێت، ئێمە جەختمان لەو خاڵانە کردووەتەوە."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند "دەکرێت خوشک و برایانمان لە سووریا سوود لەو تەجروبەیەی هەرێمی کوردستان وەربگرن کە بێگومان تەجروبەیەکی دەوڵەمەندە. ئێمە خۆشی و ناخۆشی زۆرمان بینیوە، دەکرێت سوود لە کارە باشەکانمان وەربگرن و کارە هەڵەکانیشمان دووبارە نەکەوە. ئەمە پێموایە باشترین ئاموژگارییە بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا. ئەوەی کە گرنگە بەلای ئێمەوە، ئەوەیە کە ئەوان یەکگرتوو بن، تاوەکوو کوردانی سووریا یەکگرتوو بن، ئەوان دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو مافەکانی کە خۆیان تەمانەی دەکەن و خۆیان مەبەستیانە، بەدەست بهێنن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار