دوو هۆکار یەکخستنەوەى پێشمەرگە دوادەخەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو هۆکار بۆ سستى هەنگاوەکانى یەکخستنەوەى پێشمەرگە دیاریدەکات، لەکاتێکدا ساڵى داهاتوو مۆڵەتى هاوپەیمانان کۆتایی دێت لەو بارەیەوە، تا هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت.
بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژى چوارشەممە لە پەراوێزى بەشداریکردنى لە دیدارى ئەمەریکى لە سلێمانى جەختیکردەوە، پڕۆسەى رێکخستن و یەکگرتنەوەى پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام لە تموحى ئەواندا نییە و خاوى تێدەکەوێت، بەهۆى پێکهێنانى حکومەت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق.
وتیشى لەساڵى 2026 یاداشتى لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هاوپەیمانان کۆتایی دێت بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەى پێشمەرگە ئەگەر تا ئەو کاتە پڕۆسەکە کۆتایی بێت چانسیان هەیە بۆ نوێکردنەوەى یاداشتەکە.
رۆژى حەوتى ئەم مانگە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە چاکسازییەکانی بەردەوامە، سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە، توانیویانە هەنگاوی خێرا و جددی تر بنێن، بە پشتیوانی و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمەریكا مانگانە 20 ملیۆن دۆلار دەداتە هێزەکانى پێشمەرگە، سەرەڕاى هاوکارى دیکەى وەک مەشق، چەک، پێداویستییە سەربازییەکان، تەقەمەنی و راوێژکاریی و تەندروستی، ئەوەش بەپێی لێکتێگەیشتنێکى نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) کە ساڵی 2016 واژۆکرا و ساڵى 2022 نوێکرایەوە.
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە کە تا مانگی 10ی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت، ئەمەریکا لە ناردنى هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام ساڵانە 25% لەو بڕە پارەیە کەمدەکرێتەوە. ئەو بڕە پارەیە لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە وەک هاوکاریی دەدرێتە ئەو هێزانەى کە یەکیانگرتووەتەوە.
لە لێکتێگەیشتنەکەدا دوو مەرج دانراوە بۆ بەردەوام بوونى هاوکارییەکان لەدواى کۆتایی هاتنى، کە بریتین لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، چاکسازیی و ریفۆرم.
جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو مانگ لەمەوبەر جەختیکردبووەوە، پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بە خاوی دەڕوات و كێشە و كۆسپ و گرفت زۆرن، جگە لە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان، كێشەی دیكەش هەیە، یەكێك لەوانە نەبوونی بودجەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو پرۆسەیە، كە پێویستی بەوەیە بودجەیەكی باش دابنرێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتووەتە 125 هەزار کەس، بەشێکیان لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەکان و بەشەکەی دیکەیان بەسەر هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چەند یەکە و لیوایەکی دیکەی سەر بە بەرپرسانی ئەو حیزبانەدا دابەش بوون.
بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی 2005 لە راپرسی سەرتاسەری پەسەندکراوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی سەر بە هەرێمی کوردستانە و بەهێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە، کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق.
