وەزیری تەندروستی: هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە کوردستان نییە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون نییە، ئامادەشین هاوکاریی تەندروستیی کەرکووک بکەین.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی مردنی تای خوێنبەربوون زۆرە لەنێوان سەدا 50 تا 60ـە، چونکە تووشبووەکە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی دەبێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە.
وتیشی: هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی هەبوو، توانیمان سەرکەوتووانە چارەیان بکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی گومان لێکراویشمان نییە.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە دووساڵی ڕابردوودا بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپات لەسەر کۆمەڵێک ڕێکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری کرایەوە، بەتایبەت ڕشاندن کە لە وەرزەی گەرما دەست پێ دەکات؛ واتە لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا ڕشاندن بۆ کێڵگەکانی ئاژەڵ دەکرێت. هەروەها سەربڕخانەکان کۆنترۆڵ دەکرێن.
سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانمانن ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە ژمارەیەکی زۆر حاڵەتی گومان لێکراو هەیە، کە بەداخەوە گیانسپاردنیش هەبووە، بۆیە لێرەوە بە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووکیش دەڵێین ئێمە ئامادەین هاوکارییان بکەین، چ بە پشکنین یان پێشوازیی لە نەخۆشەکان، یان چارەکردنیان.
