نێچیرڤان بارزانی: پابەندين بە ئازاديی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "به‌رده‌وام ده‌بين له كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.
هەروەها جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌كييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده، ده‌كه‌ينه‌وه.
ئەمڕۆ یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە؛ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) دەرچوو؛ یەکەم ژمارەی لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898 بە هەوڵ و تێکۆشانی میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
یادی 127ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه، هه‌روه‌ها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، به گه‌رمى و له دڵه‌وه له هەموو رۆژنامەنووسان و ميدياكارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشكه‌وتنى زياتر و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌كييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده، ده‌كه‌ينه‌وه. به‌رده‌وام ده‌بين له كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.
باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه له‌م ياده‌دا وه‌ك هه‌ميشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى كاراى خۆيان له پته‌وكردنى كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، بگێڕن.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەريی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان ده‌كه‌ينه‌وه كه سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەرده‌گرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و ڕۆژنامه‌وانى له وڵاته‌كه‌مان.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
22ى نيسانى 2025
