بارزانى: ڕۆژنامەگەریی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان 

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بارزانی لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند داوا لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن.

لەبارەی بایەخی رۆژنامەگەرییەوە، بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژنامەگەری و كاری راگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین.

دەقی پەیامەکەی بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.

ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان.

لەو یادەدا, داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن.
هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی
22ـی نیسانی 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار