خانەنشینان مووچەیان دوا دەکەوێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی مامەڵەی خانەنشینان زانیاری دەخاتە ڕوو و دەڵێت” ئەوانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچە هەموو ئە مانگانە پێکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە”.
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ڕاگەیاند، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، چوار مانگە نە وەکو فەرمانبەر و نە وەکو خانەنشین هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مامەڵەی خانەنشینبوونیان تەواو نەبووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کارمەندانەی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەدەبەن ژمارەیان کەمە و ئەگەر بەم شیوەیە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ئەم ساڵ مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو ناکرێت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، وتەبێژەکە رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتن و پێنەدانی مووچەی خانەنشینان تەواونەبوونی مامەڵەکانیانە، تاوەکو مامەڵەکانیشیان تەواو نەکرێت مووچە وەرناگرن.
ڕوونیشیکردۆتەوە،”لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 600 مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە”.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.
