لەژێر فشاردا حزبەکانی ڕۆژهەڵات زڕگوێز چۆڵدەکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ ژمارەیەک بارهەڵگرى ڕەوانەی هەرسێ شوێنەکەی کۆمەڵە کراوە لە زرگوێزەکان و چەند ماڵێکیان بارکردوە و بۆ کەمپی سورداش.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وتى: دوو هەفتەیە چەند جارێک پەیام دراوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن. 

وتیشى: ئەو مۆڵەتەی بە حزبەکانی رۆژهەڵات (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)ـیان دابوو بۆ جێهێشتنی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە کۆتاییهات و کاروانێکی دیکەی هەر سێ کۆمەڵەکە رەوانەی کەمپی سورداش کرا.

سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو ئەمڕۆ ژمارەیەک ماڵ گواسترانەوە  بۆ کەمپی سورداش، لەئێستا لیژنەیە لەهەردوولا لەکۆبوونەوەدان بۆ ئەوەى پرۆسەکە ڕابگیرێت تا چەند هەفتەیەک.

کۆتایی مانگی رابردوو ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی 10 رۆژی بە کۆمەڵەکانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز دابوو بۆ ئەوەی تەواوی خێزان و لایەنگرانیان بچنە کەمپی سورداش.

سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە.

کەمپی زڕگوێز دەکەوێتە ناحیەی تانجەڕۆـی سەر بە قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی. رۆژی 19ــی ئابی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد رەزامەند بن بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەر لەو رۆژەدا وەزیر رەزامەند بوو.

ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا.

ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار