مەسرور بارزانی: تا ساڵی داهاتوو پرۆژەی ڕووناکی هەموو شارەکان دەگرێتەوە

21 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، خەڵكی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتریش پارە بە کارەبا دەدەن. دەشڵێت, تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکان دەگرێتەوە.
یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دهۆکی بەسەر کردەوە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی پرۆژەکە و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بەراورد بە پێشتر، لە پرۆژەی ڕووناکیدا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتر پارە بە کارەبا دەدەن. هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد، زیادەڕۆیی لە خەرجکردنی کارەبادا نەکەن و لەگەڵ حکوومەت هاوکاربن.
لەبارەی فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "تا کۆتایی ساڵی 2025، ناوەندەکانی شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریان دەبێت. دواتر تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
هاوکات تیمی پرۆژەی ڕووناکی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تا ئەمڕۆ 600 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون بە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. لەم مانگەدا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی دیکە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی سوودمەند دەبن لە کارەبای بێپچڕان و بەمەش کۆی ژمارەی هاووڵاتییان دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی سوودمەند."
لەبارەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەهلییەکانیش، تیمی پرۆژەی ڕووناکی، باسی لەوە کرد، زیاتر لە 700 موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە، کە هاوتای لابردنی 125 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دەکات. تا کۆتایی ساڵی 2027 زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت دەکوژێنەوە.
بە گوێرەی تیمەکە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر نرخی نوێی کارەبا بدات. بنەماکانی دیاریکردنی نرخ وەک خۆیان دەمێننەوە کە بەم شێوەیەن: ماڵەکان و بازرگانەکان کەمتر پارە دەدەن لە چاو ئێستا، بەتایبەتی ئەوانەی کەمتر بەکاردەهێنن.
