ڕێوڕەسمی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگانی هەورامان بەڕێوەدەچێت

18 كاتژمێر لەمەوپێش
رێوڕەسمی هەزاردەف لە گوندی پاڵنگانی هەورامان بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ تۆمارکردنی گوندەکە لە یونسکۆ وەکو میراتێکی جیهانیی لە بواری مێژوویی و گەشتیاری.
بە بەشداری زیاتر لە هەزار دەفژەن، ڕۆژی 13-05-2024 رێوڕەسمی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگان سەر بە شاری کامێرانی پارێزگای سنە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش وەک یەکێک لە ڕێوڕەسمە بەرزەکانی مۆسیقای عیرفانیی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دادەنرێت.
ئەسعەد فەرهادی، سەرۆکی ناوەندی گەشتوگوزار و هونەریی پارێزگای سنە دەڵێت، دەفژەنانی سنە، دێولان، مەریوان، کامێران، سەقز، دیواندەرە و کرماشان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن و ژمارەیەک دەفژەن لە تاران، هەمەدان، ئیسفەهان و چەند شاری دیکەی ئێرانیش بانگهێشت کراون. جگە لە دەفژەنی، لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک گۆرانیبێژیش مەولوودی دەخوێننەوە و سروودی ئایینی دەڵێنەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە فێستیڤاڵی هەزار دەف یەکێکە لە شایستەترین بۆنە فەرهەنگی و هونەریەکانی پارێزگای کوردستان، کە هەموو ساڵێک بە ئامادەبوونی بە جۆش و خرۆشی گرووپە دەفژەنەکان و ئارەزومەندانی مۆسیقای عیرفانیی لە سەرتاسەری وڵات و هەروەها گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوە دەچێت.
بەوتەى ئەو بەرپرسەى پارێزگاى سنە ئەم مەراسیمە کە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕ و نەریتە کۆنەکانی ناوچەکەدا هەیە، لە کەشێکی ڕۆحی و لە دڵی سروشتی پاکی پاڵانگەدا بەڕێوەدەچێت، بە ئامادەبوونی هونەرمەندە دیارەکانی دەف و گروپەکانی مۆسیقای ڕێوڕەسمی.
بەپێى ئامارەکان لەڕێوڕەسمەکەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٦ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی گەشتیان کردووە بۆ گوندی پاڵەنگان و بەشدارییان لەم ڕێوڕەسمە ڕۆحییەدا کردووە، و ئەمساڵیش، پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە بە هۆی هەلومەرجی لەبار و ئەو توانایانەی کە پێشکەش کراون زیاد بکات.
پاڵنگان لە ناوچەی هەورامان و لەنێوان شارەکانی کامێران و پاوە هەڵکەوتووە. بەپێی دوایین سەرژمێری گشتی، پاڵنگان نزیکەی 200 ماڵە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی هەزار کەسە. لە قەدپاڵی چیایەکی بەرز هەڵکەوتووە و خانووەکانی لە بەرزایی و نێو تاشەبەردی چیاکان بە شێوازی پلیکانەیی دروستکراون. رووباری سیروانیش بە داوێنی گوندەکەدا تێدەپەڕێت.
