وەزارەتی دارایی عێراق: موچەمان بۆ خەڵکی سوریا خەرج نەکردوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاویکردوەتەوە و رەتیدەکاتەوە، موچەیان بۆ خەڵکی سوریا خەرج کردبێت.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەنگۆیەک بڵاوبوەتەوە گوایە تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی موچەی خەڵکی سوویا داوە، ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و درۆیە.
دووپاتیشی دەکاتەوە سیاسەتی دارایی لەسەر بنەمای ستانداردی پیشەیی و تەنیا لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دامەزراوە، هیچ بڕیارێک سەبارەت بە موچە یان هاوکاری دەرەکی نادرێت مەگەر لە چوارچێوەی فەرمیدا نەبێت.
وەزارەتەکە داواى لە دەزگاکانى راگەیاند، پشت بەو هەواڵ و زانیارییانە نەبەستن، کە راست نین و هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتى داراییەوە نییە.
چەند رۆژێکە لە بەشێک لە بلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیا لە عێراق، دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە وەزیرى دارایی عێراق رازى بووە بە خەرجکردنى پارە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى سوریا.
دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە کۆتایی ساڵی ڕابردو و خراپی دۆخی دارایی ئەو وڵاتە، چەند وڵاتێکی عەرەبی لەنێویاندا قەتەر، مانگانە هاوکاریی دارایی پێشکەشی حکومەتی نوێی سوریا دەکەن بۆ دابینکردنی موچە.
