هەرێمى کوردستان: لە شەوى رابردووەوە چوار کەس کوژراون

7 كاتژمێر لەمەوپێش
لە شەوى رابردووەوە چوار کەس لە هەرێمى کوردستان کوژراون، دووانیان لە گەرمیان بووە، یەکێکیان تەمەنى شەش ساڵە و بەدەستى منداڵێکى 10 ساڵ کوژراوە.
پۆلیسى گەرمیان لەو بارەیەوە دەڵێت، لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بە ناوی لانۆ سرود سەعدون، گەیەنرایە نەخۆشخانەی شەهید هەژار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو.
پۆلیسى گەرمیان دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەرکەوتووە، منداڵێکی 10 ساڵان دەمانچەکەی باوکی کە کارمەندی هێزەئەمنییەکانە هێناوەتە کۆڵان، فیشەک بە منداڵە شەش ساڵانەکەوە دەنێ و دەیکوژێت.
هەر لە گەرمیان درەنگى شەوى رابردوو، لە ناحیەى ئاوەسپى سەربە ئیدارەى گەرمیان، دوو کەس کە هاوڕێى یەکدین و بەهۆى دەمەقاڵەى نێوانیانەوە یەکێکیان کارمەندى هێزە ئەمنییەکانە، هاوڕێکەى بە ناوى شوان سەرتیپ دەکوژێت، بکوژ تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.
هەروەها، ئەم بەیانییە لە نێو بازاڕی سیروانییەکان لە قەزای شارەزوور تەقە لە گەنجێک کرا و گیانى لەدەستدا.
رووداوەکە کاتژمێر سێی بەرەبەیانى ئەمڕۆ روویداوە و ئەو گەنجەشى گیانى لەدەستداوە ناوى ئوسامە محەمەد تاوگۆزییە.
لە دهۆکیش، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆى شەڕى نێوان دوو بنەماڵەوە لە قەزاى بەردەڕەش کەسێک بەسەختى برینداربوو، پاش مانەوەى لە نەخۆشخانە شەوى رابردوو، گیانى لەدەستدا.
