عێراق پێشوازی لە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشوازیی گەرمی وڵاتەکەی بۆ بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر سووریا راگەیاند.
درەنگی شەوی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کۆماری عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی نیازپاکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆماری عەرەبیی سووریای برا."
وەزارەتەکە هیوای خواستووە "ئەم بڕیارە ببێتە هۆی پشتیوانیکردنی رەوتی سەقامگیری، کە گەلی سووریا خوازیاریەتی و کۆتاییهێنان بە ئازارە درێژخایەنەکانی بەهۆی قەیرانی مرۆیی و ئابوورییەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی شانشینی عەرەبیی سعودیەی کردووە، لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا و گەیشتن بەم دەستپێشخەرییە. جەختیش لەسەر گرنگیی هاوسۆزیی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەم قۆناخە هەستیارەدا و پەرۆشیی خۆی بۆ پتەوکردنی هاوکاریی نێوان وڵاتان دەکاتەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هیوای خواستووە "ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ قۆناخێکی نوێی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، لە رێگەی پشتیوانیکردنی چارەسەری ئاشتییانە کە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا دەپارێزن، مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا مسۆگەر دەکەن." هەروەها داوادەکات "رووبەڕووی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە ببنەوە و رێگە بە پەرەسەندنی نەدرێت."
ئێوارەی سێشەممە 13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە سعودیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا.
