ئەمڕۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەست پێ دەکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش
شەممە 17ـی ئایاری 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆکانی 22 وڵاتی عەرەبی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و میوانانێکی زۆر، 34ـیەمین لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەست پێ دەکات، یەک لە میوانانی لوتکەی عەرەبی بەغدا، پێدرۆ سانشێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیایە.
بەگوێرەی کارنامەی لوتکەکە، سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، تاوتوێی جەنگی غەززە و هاوکاریکردنی لوبنان، هەروەها پێشهاتەکانی سووریا و یەمەن دەکەن، چەند سەرۆکێکیش پێشوەختە بڕیاری بەشدارینەکردنی لوتکەی عەرەبییان داوە، لەوانە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و شا عەبدوڵلا، شای ئوردن.
بڕیارە کاتژمێر 10ـی بەیانی ئەمڕۆ، کارەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا بە فەرمی دەست بە کارەکانی بکات، بەپێی زانیارییەکانیش، لە کاتژمێر 10 تاکو 11 پێشوازیی لە سەرۆک و پاشای وڵاتان دەکرێت کە دێنە نێو هۆڵی لوتکەکە، کاتژمێر 11 بۆ 12 و نیو، گوتاری سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت لەگەڵ گوتاری شای بەحرەین کە ڕۆڵی بەڕێوەبردنی کارەکانی لوتکەی 33 پێشکەش بە عێراق دەکات بۆ ئەوەی عێراقیش لوتکەی 34 بەڕێوە ببات، پاشان گوتاری کۆمکاری عەرەبی دەخوێنرێتەوە، ئینجا بڕگەکانی دیکەی لوتکەکەی دەست پێ دەکات.
لە کاتژمێر 12 و نیو تاکو کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ، کۆبوونەوەیەکی داخراو لەنێوان سەرۆک و شای وڵاتانی بەشداربووی لوتکەکە دەکرێت، باس لەو پرسانە دەکەن کە بڕیارە لە لوتکەکەدا گفتوگۆی لەسەر بکەن.
لوتکەی پێنجەمی ئابووریش قسەکردن دەبێت دەربارەی پرسی پەرەپێدان و ئابووریی نێوان وڵاتەکان، یەکێ لەو پرسە گرنگانەی لەو بەشەی لوتکەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەڵگرتنی بەشێک لە ڕێکارەکانی بازرگانیی نێوان وڵاتانە بۆ ئەوەی بازرگانی نێوان ئەو وڵاتانە فراوانتر بێت، بەتایبەتیش لەنێوان وڵاتانی عەرەبی. دواتر کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان عێراق و ئوردن و میسر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسانەی لەنێوان سێ وڵاتەکەدا هەن، دەکرێت. کاتژمێر 6ـی ئێوارە کارەکانی لوتکەکە کۆتایی دێت، گوتاری کۆتایی لوتکەکەش، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ گوتاری کۆمکاری عەرەبی دەخوێنرێنەوە.
بەپێی زانیاری، بەشداریی لە لوتکەی عەرەبیی ئەمساڵ لەسەر سێ ئاست دەبێت، ئاستی یەکەم سەرۆک و پاشای وڵاتەکان دەبێت، ئاستی دووەمیش سەرۆک وەزیرانی وڵاتان دەبێت، ئاستی سێیەمیش، وەزیری دەرەوەی وڵاتانە.
ژمارەیەک لە وڵاتان پیشوەختە بڕیاریان داوە لەسەر ئاستی یەکەمدا بەشداریی لوتکەکە نەکەن، لەوانە، مەغریب، لیبیا، لوبنان، سووریا کە دوێنێ هەینی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە لەبری سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع، گەیشتە بەغدا.
دەنگۆ هەیە، محەممەد بن سەلمان، پاشای جێنشینی سعوودیە بەشداریی بکات، بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا دەنگۆیەکە ڕاستە، یاخوود نا، بەڵام گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی پێشتر ئاشکرای کردبوو کە ڕۆژی بەڕێوەچوونی لوتکەکە سوپرایزیان دەبێت، هەندێک پێیان وایە کە سوپرایزەکە بەشداریی محەممەد بن سەلمان بێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاگەیاندووە، کە پرسی سووریا زۆر بە وردی لە لوتکەکەدا گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت و دەمانەوێت وڵاتانی عەرەبی، پشتیوانیی دەسەڵاتی نوێی سووریا بکەین، چونکە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بە ڕواڵەت باسیان لەوە کردووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا باشە، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا پشتیوانیی نابینرێت؛ وەک عێراق، کە گرووپە شیعەکان بەشێکیان دژی بەشداریی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بوون لە لوتکەکەدا.
عێراق بڕیاری داوە سندووقێکی هاوکاریی بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و غەززە دابنێت و داوای لە وڵاتانی عەرەبی کردووە پشتیوانیی دانانی ئەو سندووقە بکەن، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ماددەی هۆشبەر بابەتی دیکەی گرنگی لوتکەی ئەمڕۆی عەرەبی بەغدا دەبن.
