ڕاگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ  هەشتەمین ساڵیادی نەوشیروان مستەفا

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

رۆژی هەینی، 19ـی 5ـی 2017، لە بیری هەموماندا نەخشێنراوە وەک رۆژی کۆستی نەتەوەیەک بۆ کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا.

دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە مێژودا وەک نەوشیروان مستەفا شێوەیان بەخشیوە بە چەندین قۆناغ لە ژیانی سیاسی، مێژویی، هزری، رۆژنامەوانی و کۆمەڵناسی نەتەوەکانیان. کورد نەتەوەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوشانی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەدان ساڵە هەیە. ژێردەستە بوە بەس سەری نەوی نەکردوە. لە سەدەی بیستەمدا تێکۆشانی کورد بازی مەزنیدا بە ئامانجی سەلماندنی بونی خۆی وەك نەتەوەیەکی یەکسان لەگەڵ نەتەوە درواسێکانی لەلایەك و بەدەستهێنانی رزگاری خاک و خەڵک، لەلایەکی ترەوە. نەوشیروان مستەفا سوارچاکی ئەم تێکۆشانەی کوردە بۆ رزگاری.

چەند خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوی نوێی کورددا هەن، نەوشیروان مستەفا رۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا هەبوە. لە شۆڕشی نوێ، سەرکردایەتی راپەڕینی 1991، نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و چەسپاندنی فیدراڵیزم، ئەندازیاری گۆڕانکاری، رچەشکێن و سەرکردەی یەکەم بو. پاش ئەو هەموان هەست بەبێ کەسی ئەکەین. باشترین بەڵگە ئەوەیە، لە رۆژی کۆچی دوایی ئەوەوە بڕیاربەدەستەکان کارەسات بە کارەسات ئەسپێرن.

لەم ساڵیادەدا ئەتوانین بە هەمان رۆحیەت لە روی زوڵم و ستەم، نادادی، گەندەڵی، پێشێلکاری و دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی خەڵک، رۆژنامەنوسان و چالاکوانان، تۆقاندن و ترس، بوەستین. نەوشیروان مستەفا هەمو ژیانی تەرخان کرد بۆ رزگاری کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەتی قانون و حوکمڕانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دژایەتی گەندەڵی. ئێمەش پێویستە سیاسەت لەسەر بنەمای پرەنسیپ بکەین نەک سیاسەتی راگوزەر. 

ساڵ دوای ساڵ زیاتر یار و نەریار دەگەن بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجەکانى چارەسەرێکى بنەڕەتین بۆ کوردستان. رێگەی رزگاربون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە. ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی وسەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بووە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا دونیابینیەکى فراوانى هەبو بۆ خەباتى گەلى کورد لە هەر چوار پارچەکەى کوردستان. بۆیە سەرکردەکانی پارچەکانى تر لە کاتی سەخت و ئاڵنگاریدا پشتیان بە نەخشەڕێگا و پشتیوانی ڕەوانشاد قایم بو. ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد تەنها لە حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسیی و یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک موڵکی خەڵک ‌و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە.

وانەی ژیانی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە کە ئەتوانین لە ناو ئەم هەمو تاریکییەدا بە ئومێدی و ئیرادەبین تاکو جارێکی تر هێزی خەڵک ئەبێتەوە بە یەکلاکەرەوەی رێڕەوی سیاسی، چونکە ئەوەی ئەگۆرێت و نامێنێ حیزب و سیاسییەکان و ئەوەی نەگۆڕە و ئەمێنێتەوە، خەڵکە.

ساڵیادی نەوشیروان مستەفا رۆژێکە بۆ رێزگرتن لەم سەرکردە مەزنەی کورد. رۆژێک نیە بۆ ناکۆکی و ململانێ. بۆ ئامانجی گەورەی هاوبەشمان، هەمو ئەو گۆڕانخوازانەی پێکەوە کارمان کردوە، لەم ساڵیادەدا دەستی برایەتی و کاری پێکەوەی درێژ ئەکەین. لێبوردەیی و یەکتر قبوڵ کردن بنەمای بیر و باوەڕی نەگۆڕی ئێمەیە. 

لەم رۆژەدا بە دڵی شکاو و پڕ ئازارەوە یادی کۆچی دوایی رێبەری کورد نەوشیروان مستەفا ئەکەینەوە. 

بزوتنەوەی گۆڕان

18ـی 5ـی 2025

سلێمانی، مەکۆی سەرەکی گردی زەرگەتە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار