میدیاكانی ئیسرائیل: گەمارۆکانی سەر غەزە هەڵگیرا

12 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سەرۆککوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەزە دەرکرد.
میدیاکانی ئیسرائیل، سەبارەت بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەزە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بەم شێوەیە زانیارییان بڵاوکردەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئیسرائیل سەرۆک کوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەزە دەرکرد.
دەشڵێن: ئەو فشارانەی ئەمریکا دەیخستە سەر ئیسرائیل، بووە هۆی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە، کە ماوەی دوو مانگ و نیوە بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی بڕێکی سنووردار لە خۆراک دەدرێت بۆ هاووڵاتیانی غەزە، ئەمەش بۆ ئەوە ڕێگریی لە قەیرانی برسییەتی بگیرێت.
هاوکات، ڕێگەدان بە ناردنی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ کەرتی غەزە لەلایەن ناتانیاهۆوە ناڕەزایەتی زۆری بەشێک لە ئیسرائیلییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
جێگای ئاماژەیە، لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ ـەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر غەزە دەستپێكرد، بەو هۆیەوە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون.
