پلانی ئۆپراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل ئەمریکا و ئەوروپای توڕەکردووە

3 مانگ لەمەوپێش
سوپای ئیسرائیل، لەلایەک گەورەترین ئۆپراسیۆنی زەمینیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی غەززە و لەناوبردنی حەماس راگەیاند و لەلایەکی دیکەش، دەرگای لەسەر بڕێکی کەم لە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردەوە.
بەردەوامیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، راگەیاندنی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی زەمینی کە بەگوتەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی غەززەیە، هەڕەشەی بەردەوامی بەرپرسانی تەلئەڤیڤ بۆ راگواستنی خەڵکەکەی و بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی سیڤیل ئەمریکا و ئەوروپییەکانی توڕەکردووە و تاوەکو ئێستا، شکستی بە هەوڵەکانی واشنتن هێناوە بۆ ئاگربەست و گێڕانەوەی بارمتەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، ئۆپراسیۆنە زەمینییەکەیان کە رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، بە بەشداریی سەربازانی کارا و سەربازە یەدەگەکانە و سەرتاسەری کەرتی غەززە دەگرێتەوە لە باکوورەوە بۆ باشوور.
بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئامانجی سەرەکی هێرشەکە، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی غەززەیە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکراکردووە، دەیان چەکداریان لەغەززە ئەو شوێنانە کۆنترۆڵدەکەن، کە گومانی بوونی چەکدارانی حەماس و بارمتەکانیان لێدەکرێت.
هاوکات، پاش زیاتر لە دوو مانگ، ئابڵوقە و داخستنی رێڕەوەی مرۆیی لەسەر کەرتی غەززە، نووسینگەی نەتانیاهوو لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، رێگە بە تێپەڕینی هاوکارییە سەرەتاییە خۆراکییەکان بۆ کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی راگەیاند.
لای خۆشییەوە، بێزالێل سمۆتریک، وەزیری دارایی ئیسرائیل لەبارەی رازیبوونی ئیسرائیل بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە رایگەیاند. رێگە بە کەمترین بڕی پێویستیی خۆراک بۆ هاوڵاتییانی سڤیل دەدەین بچێتە ناو غەززە و جەختیشیکردەوە، ئەو هاوکارییە مرۆییانە ناگەنە دەستی حەماس.
کردنەوەى دەرگاى گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان، جیهانى خۆشحاڵ نەکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەوەى ئیسرائیل کردوویەتى، دڵۆپێکە لە دەریایەک.
ئەم هەنگاوانەی ئیسرائیل شکستی بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە هێناوە، لەوبارەیەوە دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هیچ پێشکەوتنێک لە کۆبوونەوەکان رووینەداوە و تاوەکو ئێستا حەماس بەو پێشنیازە نوێیە رازی نییە کە باس لە دوورکەوتنەوەی حەماس لە ناوچەکە، ئازادکردنی بارمتەکان و لە چەکداماڵینی غەززە دەکات، لەبەرامبەر راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەمەش ئەمریکای نیگەران کردووە و تۆڕی هەواڵی ئەکسیۆسى ئەمریکى بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە سەردانی ئیسرائیل نەکات و بەهۆیەشەوە سەردانێکی پیشبینیکراوی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەکسیۆس ئاشکراشیکردووە، جەی دی ڤانس ئەو بڕیارەی لەدژی ئیسرائیل داوە، لەبەرئەوەی نەیویستووە سەردانەکانی وا لێکبدرێنەوە کە ئەمریکا پشتیوانیی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل دەکات.
سەرکردەکانی هەریەک لە بەریتانیا، فەڕەنسا و کەنەداش لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا و پێشتریش سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پلانی ئۆپراسیۆنە فراوانەکەی حکومەتی ئیسرائیل، رێگرتن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیان و هەڕەشەی وەزیرەکانی ئەو حکومەتەیان بۆ راگواستنی هاوڵاتییانی سیڤیلی غەززە سەرکۆنەکرد و جەختیان لەوەکردەوە دەستەوەستان نابن لەئاست پیشێلکارییەکانی ئیسرائیل.

