سودانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی راگەیاند
.png)
8 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند.
بەگوێرەی بەیاننامەیەك، ئەمڕۆ لە شاری بەغداد پێکهێنانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بەمەبەستی رکابەریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا.
ئەو هێزانەى بەشدارن لە هاوپەیمانێتییەکە پێکهاتوون لە، تەیارى فورات، هاوپەیمانى عەقدى وەتەنى، هاوپەیمانى نیشتمانى، هاوپەیمانى ئیبداعى کەربەلا، گردبوونەوەى سۆمەر، گردبوونەوەى ئەجیال، هاوپەیمانى چارەسەرى نیشتمانى.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، بەرژەوەندى عێراق و عێراقییەکان ئامانجى یەکەمیانە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى ئابورى نیشتمانى، بنیتنانى ژێرخان و پرۆژە ستراتیژییەکان، دابینکردنى ئارامى و سەقامگیریی و پەیوەندى پتەو لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و عەرەبی و جیهانى.
هاوپەیمانێتییە نوێیەکە دەشڵێت، هاوپەیمانێتییەکە "لەسەر ئەو هەنگاوە بەرچاوانە بنیاتنراوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهێنراوە، لەژێر رۆشنایی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان، رەخساندنی هەلى کار، گرنگیدان بە خێزانەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ڕەچاوکردنی خواستەکانی هاوڵاتییان.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.
