وردەکاری پلانێکی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنى غەززە لە سێ مانگدا

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سوپای ئیسرائیل بەنیازە لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا دەست بەسەر لە نێوان 70% بۆ 75%ی کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا بگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییە فراوانەکەیدا.

ڕاپۆرتێکی نوێی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، سوپا پلانێکی نوێی هەیە بۆ دابەشکردنی کەرتی غەززە و دەستبەسەرداگرتنی خاکی غەززە و دواتر دەست بە قۆناغێک دەکات کە ناوی دەنێت "پاککردنەوە" کە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت، بەپێی ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم.

هەروەها بەپێى پلانەکە کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەی کەرتی غەززە لە ماوەی ٣ مانگدا لەخۆدەگرێت. پێنج تیم بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن: چوار تیمی هێرشبەری و یەک تیمی بەرگری.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونی کردووەتەوە کە سوپا کار بۆ جێبەجێکردنی مۆدێلی ڕەفعەت دەکات لە هەموو ناوچەیەک کە هێزەکانی ئیسرائیل پێی دەگەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەژێر فشاری ئەمریکا و چەقبەستوویی دانوستانەکاندا ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان دەدات بۆ ناو کەرتی غەززە.

لەلایەکى دیکەوە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئیسرائیل لە جەنگێکی سەختدا لە حەوت بەرە تێوەگلاوە و ئەم جەنگە لەلایەن ئێران و هێزە نزیکەکانییەوە دەستیپێکراوە.

نەتانیاهۆ هۆشدارییدا کە بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا هیوا بە حەماس دەدەن کە دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروستبکات و دووبارە هەوڵبداتەوە بۆ لەناوبردنی جووەکان.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییدا کە کاتێک دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروستدەبێت، ئێران توندڕەوەکان دەنێرێت و ئەوان دەسەڵات دەگرنەدەست، بۆیە ئەمە ئاشتییانە نابێت. گوتیشی، ئێستا رەنگە ئەم سەرکردانە پێیانوابێت کە ئاشتی بەرەوپێش دەبەن، بەڵام ئەوان حەماس بوێر دەکەن کە جەنگ بۆ هەتاهەتایە بەردەوامبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار