وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پاڵپشتی خۆی بۆ کوردستانێکی بەهێز دووپات کردووەتەوە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ بەهێزی و خۆڕاگری هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و، بە پایەی سەرەکی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق ناوی بردوە.
رۆژی هەینی، 23ـی ئایار مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 24ـی ئایاری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "وەزیر روبیۆ و سەرۆکوەزیران بارزانی گفتوگۆیان لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.
هەروەها دەشڵێت وەزیر [روبیۆ] ستایشی سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە یارمەتیی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە هەنگاو بنێت."
تامی برووس دەشڵێت، مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی "باسیان لە خواستی هاوبەشیان کرد سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا. وەزیر [روبیۆ] پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپات کردەوە بۆ هەرێمی کوردستانێکی عێراقی بەهێز و خۆڕاگر وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو پەیوەندییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق هەیەتی."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مارکۆ روبیۆ ستایشی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان و پاڵپشتی خۆیشی بۆ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دووپات کردووەتەوە.
