تێرو برسی و گەزاف!

6 ڕۆژ لەمەوپێش



 

دڵشاد ئەنوەر

زۆرێک لەو بەرپرسانەی بانگەشەی گرنگی قەزیەی کورد دەکەن، جگە لە دۆلارو باڵەخانە، ڤێلای دەرەوەو ناوەوەو رەتڵی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانیان، نرخی بوتڵێک ویسکی شەوانەیان ئەوەندەی موچەی مانگێکی موچەخۆرێکی ئاساییە،  کەچی کوردایەتی بەو  قوربانیدەرانە دەفرۆشنەوە کە هیچ نەماوە  لە پێناو خاک و میللەت دا نەیانکردبێ!.

ئاخر! قورسە کەسانێک کوردایەتی بەخەڵکانی قوربانیدەر بفرۆشنەوە کە خۆیان هیچ قوربانییەکیان نەدابێت. قورسە کەسانێک مەسەلەی نەتەوەیی بەخەڵک بفرۆشنەوە، کە ڕوون بزانرێ خۆشیان باوەڕیان بەقسەکانیان نییە.

گرێدانی مەسەلەی نەتەوەیی و بژێوی خەڵک پێکەوە مایەی گاڵتەجاڕییە، بیانوویەکە بۆ خۆ دزینەوە لە داواکاری خەڵکانی نەدار، هێنانەوەی پاساوە بۆ شکستی حوکمڕانی و دابین نەکردنی خواستەکانی خەڵک.

گرێدانی بژێوی بە مەسەلەی نەتەوەیی کاتێک بایەخی دەبێت، هەمووان وەک یەک بژین، هەمووان بە بێ جیاوازی  چینایەتی لەدۆخی هاوشێوەی پڕ لە قەیراندا بن، نەک زۆرینە جەحیم و کەمینەی گەزاف لێدەر   لە نەعیم دا بن.

گەر داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری ئەکتیڤ، هەموو گەزاف لێدەرە تێر نەخۆرەکان راپێچی دادگا دەکات، بەتۆمەتی ناشیرینکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لای خەڵک، بەتۆمەتی نەهێشتنی ئینتیماو ناشیرینکردنی پرسە نەتەوەییەکان لای ئەو خەڵکانەی قوربانیدان ماندووی کردوون.

گەر کۆچکردوو مەلا رەحیم ی سەرقەڵاو هاوشێوەکانی، بانگەشەی مەسەلەی نەتەوەییان کردبا، کاریگەرو ناخ هەژێن دەبوو، چونکە بانگەشەکەی لەدڵەوە دەردەچوو، دەیدا لە دڵ و کەسیش توانای رەخنەو توانجی نەدەبوو،  بەو پێیەی کوردایەتی کردبووی بە قەقنەس و سوتاندبووی…

بەڵام گرفتەکە گەورەکە ئەوەیە، سوتاو و قوربانیدەرو بەسوتماک بووەکانی نێو گۆڕەپانی نەتەوەیی شەرم دەکەن وشەیەک بڵێن، چونکە مەسەلەی نەتەوەیی کراوەتە کاڵایەکی هەرزان و خەڵکانێک بازرگانی پێوە دەکەن، نەک قوربانییان نەداوەو عەرەقەی ماندووبوونیان نەڕشتووە، بەڵکو توانای کردنەوەی دەرگای ئۆتۆمبێلەکانیشیان نییەو حاشیە بۆیان دەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار