لە تورکیا گۆشتی گوێدرێژ دراوەتە خەڵک

9 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ڕایگەیاند: لە دوو پارێزگای وڵاتەکە، گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژ، لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لەبری گۆشتی مانگا بە خەڵک فرۆشراون.
شەممە 24ـی ئایاری 2025، وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوی ئەو کۆمپانیایانەی ئاشکرا کرد کە تێوەگلاون لە ساختەکاری خۆراکدا. هاوکات ڕایگەیاند، "لە دوو پارێزگای وڵاتەکە هاووڵاتییان لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە هەڵخەڵەتێنراون و گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژیان لەبری گۆشتی مانگاوە پێ فرۆشراوە."
وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، ئەو کارەی ئەو کۆمپانیایانە، تەندروستیی هاووڵاتییان دەخەنە ژێر مەترسییەوە و متمانەی هاووڵاتییانیش بە کڕینی گۆشتی مانگا ناهێڵن.
هەروەها وەزارەتەکە دەڵێت: لە ناوچەی سێیهانی سەر بە پارێزگای ئەدەنە، کۆمپانیایەک بە ناوی (جان ئێت)، هەروەها لە قەزای شەهید کەمالی سەر پارێزگای غازی عەنتاب، کۆمپانیایەکی دیکە بە ناوی (ئایدن جێترین)، گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژیان لەبری گۆشتی مانگا بە خەڵک فرۆشتووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو دوو کۆمپانیایە، بۆ شاردنەوەی ساختەکارییەکانیان و لەپێناو ئەوەی خەڵک گومان نەکەن، هەندێک جار گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژیان لەگەڵ گۆشتی مانگا تێکەڵ بە یەکتری کردووە و هەر بە ناوی گۆشتی مانگا فرۆشتوویانە.
