ئاکسیۆس: ڕێككەوتن لەبارەی كچە رفێندراوە ئیسرائیلیەكە دوورە لە راستیەوە

5 ڕۆژ لەمەوپێش
ماڵپەری"ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویكردەوە: هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکان بەدینەهاتووە بۆ ئازادکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، كچە لێکۆڵەری ئیسرائیلی لە زانکۆی پرینستۆن، کە لە عێراق دەستبەسەرە.
بەوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو راپۆرتانەی لە رۆژنامە عەرەبییەکاندا باس لە رێککەوتن دەکەن، بێ بنەمان.
تسورکۆڤ، کە خۆی وەک "توێژەر" ناساندووە، خاوەنی رەگەزنامەی روسی و ئیسرائیلییە، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ لە ناوچەی كەرادە لە ناوەڕاستی بەغداد لەلایەن گروپێکی چەکداروە رفێندرا، ئیسرائیل گروپی كەتائیبی حزبوڵای عێراقی بە ئەنجامدانی كارەكە تۆمەتبار دەكات.
پێشتریش بەرپرسانی باڵای عێراق بە ئاژانسی "فرانس پرێس" راگەیاند: بەغداد کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ، لە بەرامبەر ئازادکردنی ئێرانییەک، کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی لە عێراق زیندانی کراوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی، بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: بابەتەکە پەیوەستە بە رەزامەندی ئەمریکییەکان بۆ ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارە ئێرانییە بە کوشتنی هاوڵاتیەکی ئەمریکی، لە ساڵی 2023 لە بەغداد.
هاوكات سێ بەرپرسی عێراقی رایانگەیاندووە: تا ئێستا واشنتۆن رازی نەبووه به یەکێک لەو مەرجانەی پێشنیاز کراون بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ، ئەویش ئازادکردنی ئەو ئێرانییەیە کە بە تاوانی کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی دەستگیرکراوە.
ئێلیزابێس تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرایە لە پسپۆڕی سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئاداری 2024 لە نێوەڕاستی بەغدا لە دۆخێکی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکان درێژکرا.
ئێلیزابێس بەکالۆریۆسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە زانکۆی عیبری، ماستەری لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی تەلئەڤیڤ بەدەستهێناوە، قوتابیی دکتۆرایە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی برینستۆن و چەندین توێژینەوەی لەسەر گرووپە چەکدارەکان هەیە.
رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرە.
