سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی لە غەزە فراوانتر دەکات
.jpg)
5 ڕۆژ لەمەوپێش
سوپای ئیسرائیل لە پاڵ هێرشە ئاسمانییەکانی، ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانیشی لەنێو خاکی غەزەدا فراوانتر دەکات.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوە، سوپای ئیسرائیل هێزەکانی کۆماندۆ، کەفیر و لیواکانی حەوت و 188 و 401 و ژمارەیەکی زۆری سەربازی یەدەگیان خستووەتە ئامادەباشی و رەوانەی کەرتی غەزەیان دەکەن.
ئامانج لە ناردنی پاڵپشتی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنەیە کە ماوەی چەند رۆژێکە ئیسرائیل لە غەزە دەستیپێکردووە.
لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردوە، پێنج فیرقەی سەربازیان ناردووە بۆ غەزە کە ژمارەیان دەیان هەزار سەربازە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام هۆشداری دەدەن لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانیان، تاوەکو گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان و دوورخستنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە.
نزیکەی هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی لە کەرتی غەززە فراوانکردووە و ئۆپراسیۆنی "گالیسکەکانی گیدۆن"یان لە ناوچەکانی باکوور و باشووری کەرتەکە راگەیاندووە، پێشتریش بنیامین نەتانیاهوو رایگەیاند، مەبەست لە ئۆپراسیۆنەکانیان کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماسە.
لەو چوارچێوەشدا سوپای ئیسرائیل بەئامانجگرتنی زیاتر لە 100 پێگەیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا راگەیاند و گوتیان؛ دامەزراوە سەربازییەکان، تونێلەکان و ژێرخانی گرووپە چەکدارییەکانی فەڵەستینیان کردووەتە ئامانج.
پێشتریش بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە وردەکاریی پلانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کرد و رایگەیاند، پلانەکەیان لە سێ قۆناخ پێکدێت و دەبێتە هۆی دابەشکردنی "خۆراکی سەرەکی بەسەر هاووڵاتییانی سڤیل و ناگاتە دەستی چەکدارانی حەماس."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "دوو قۆناخەکەی دیکە بریتی دەبن لە رێگەدان بە چوونی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ نێو غەززە و کردنەوەی ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پارێزگارییان لێ دەکرێت."
نەتەنیاهوو رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت بەهۆی ئەوەی سزایان بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندووە.
رۆژی سێشەممە، بەریتانیا گفتوگۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل تایبەت بە دروستکردنی بازرگانیی ئازاد هەڵپەسارد؛ ئەمە بەهۆی چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، هاوکات بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا بەڵێنی هەنگاوی "کردەیی"یان دا بۆ هاندانی ئیسرائیل، تاوەکو بەزووترین کات جەنگەکە رابگرێت.
