ئیدارەی ترەمپ بیر لە سووککردنی سزاکانی تاران دەکاتەوە

5 ڕۆژ لەمەوپێش



 

رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ بیر لە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکاتەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی بە رۆژنامە ئیسرائیلیەکەی گوتووە، واشنتن هەڵوێستی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە نەگۆڕاوە، نایەوێت تاران بەردەوامی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات، کەمکردنەوەی سزاکانیش وەک رێککەوتنێکی کاتی دەبێت لەگەڵ ئێران، تاوەکو نیازپاکی خۆی بۆ رێککەوتن پیشانبدات.

بەگوێرەی ئیسرائیل هیوم، ئیدارەی ترەمپ دەستبەرداری داواکارییەکەی نابێت بۆ دەستبەرداربوونی تەواوەتی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت، بەڵام ئەگەر ئەمریکا ئامانجی رێگرییە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم، ئامادەن رێککەوتنی لەگەڵ بکەن، ئەگەر ئامانجیشی کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوا رێککەوتن مەحاڵ دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی واشنتۆن ڕێگریکردن بێت لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، دەکرێت ڕێککەوتنێک بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئامانجەکە ڕێگریکردن بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوی تاران، ناتوانرێت ڕێککەوتنێک بکرێت.

لەلایەکى دیکەوە پێشتر عەباس عێراقچی، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، "ئێمە لە سرووشتی ئاشتییانەی بەرنامەی ئەتۆمیمان پشتڕاستین، بۆیە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پشکنینی زیاتر و شەفافیەتی زیاتردا نییە."
 
وەزیرەکە هەروەها رایگەیاند، "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمیی ویستبا، ئەوا تائێستا بەدەستیهێنابوو."

ڕۆژى هەینى ڕابردوو گەڕێ پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان لە رۆما بەڕێوەچوو.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، ئەم گەڕەی دانوستان لەوانی دیکە گرنگتر، پیشەییانەتر و روونتر بۆچوونی خۆمان خستەڕوو، لەهەمان کاتدا، نێوەندگیرەکەمان، چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان باس کردووە، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی تاوتوێی دەکەین، پێدەچێت ئەو پێشنیازانە رێگە چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.

هیواشی خواست لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بگەنە رێگە چارەسەرێک بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان. باسی لەوەشکرد، هەڵوێستەکانی تاران روونە، لە ئێستاشدا لایەنی ئەمریکی تێگەشتنێکی باشتری هەیە بۆمان.

لای خۆشییەوە، بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و نێوەندگیری دانوستانەکان گوتی، لەم گەڕەی دانوستاندا بەرەوپێشچوونمان بەدی کردووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوون، هواشی خواست، لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەن بە لێکتێگەشتنێک بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گوتوویەتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبن و عومان شوێن و کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار