وەزارەتی پەروەردە: ئەمساڵ ناوی یەکەمەکانى قۆناغى ١٢ ڕاناگەیەندرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک بڕیاری سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەرکرد و لەمەودوا ناوی یەکەمەکان راناگەیەندرێت و هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و مەراسیمێک و خەڵاتکردنێک ئەنجام نادرێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، نوسراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە هەمو بەشەکانییەوە، هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامنادرێت و بەرێگەی دیجیتاڵی نمرەی قوتابیان بڵاودەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، نە وەزارەت و نە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ جۆرە مەراسیمێکی خەڵاتکردنی دەرچوە یەکەمەکان ئەنجام نادەن و ئامادەی هیچ مەراسیمێکیش نابن.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو، دوای ئەنجامدانی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردە مەراسێمێکی رێکدەخست و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوی 10 یەکەمەکەی سەر ئاستی سەرجەم بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و بەشەکانی دیکەی رادەگەیاند و دواتر لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی حکومی و حیزبی مەراسیمی رێزلێنان و خەڵاتکردن ئەنجامدەدرا. دواتر میدیاکان بەرنامەی راستەوخۆ و چیرۆکی ژیان و چۆنیەتی کۆشش و زانیارییان لەسەر یەکەمەکان بڵاودەکردەوە.
