تەنها دوو مانگدا نزیکەى هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون
.png)
5 ڕۆژ لەمەوپێش
ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا زیاتر لە ٩٥٠ منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون.
UNRWA لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "منداڵانی غەززە بەرگەی ئازارێکی بێ خەیاڵ دەگرن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "برسێتی و ئاوارەبوون و هێرشی بێ جیاوازییان لەسەرە". جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەمە بوەستێت و دەڵێت "دەبێت منداڵان بپارێزرێن".
پێش ئەوەش ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە کەرتی غەززە ڕۆژانە پێویستی بە 500 بۆ 600 بارهەڵگری فریاگوزاری هەیە.
ئەمڕۆ UNRWA لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "لێشاوی ئامانجدار و بێ پچڕانی هاوکارییەکان بۆ غەززە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری کارەساتی ئێستا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمترین پێویستی ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ بارهەڵگر دەبێت، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەنێویاندا UNRWA". ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵکی غەززە ناتوانن زیاتر چاوەڕێ بکەن".
میدیاکانی بزووتنەوەی حەماس بڵاویان کردەوە کە تەنیا 100 بارهەڵگری فریاگوزاری چوونەتە ناو غەززە، کە دەکاتە 1%ی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتووانی غەززە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بەدخۆراکی و کەمی خۆراک و دەرمانەوە زیاتر لە ٥٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لەلایەکى دیکەوە کەناڵی بی بی سی رایگەیاند، لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل لە خان یونسی غەزە نۆ منداڵی یەک خێزان کوژراون و تەنها باوک و منداڵێکیان رزگاری بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، بۆردومانەکە لە ماڵی دکتۆر حەمدی نەجار و عەلا نەجاری داوە کە هەردووکیان پزیشکن لە نەخۆشخانەی ناسر.
بەگوتەی د.مونیر ئەلبروش، بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستیی غەزە، خانووی خانەوادەی نەجاڕ دوای چەند خولەکێک لە گەڕانەوەی حەمدی نەجار بۆ ماڵەوە لێیدراوە دوای ئەوەی عەلا نەجاری خێزانی گەیاندووەتە سەر کار.
لەدوای بۆردومانەکە تەنها حەمدی نەجار و منداڵێکیان بەناوی ئادەم کە تەنها 11 ساڵە رزگاریان بووە. گەورەترین منداڵی ئەو خێزانە 12 ساڵ بووە.
