وەزارەتی دارایی: چاوەڕوانین ئەمڕۆ وردبینی لیستی مووچە تەواو ببێت

4 هەفتە لەمەوپێش



 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لە وردبینیکردن بۆ لیستی مووچەی مانگی پێنج و چاوەڕوانن ئەمڕۆ وردبینییەکە تەواو بکات.

ئەو سەرچاوەیە وتى، لە پێشنیوەڕۆى دوێنێوە، وەزارەتى دارایی عێراق دەستیکردووە بە وردبینى بۆ لیستى مووچەى مانگى پێنجى هەرێمى کوردستان، ئەوانەى وردبینییەکە دەکەن دەیانەوێت ئەمڕۆ تەواوى بکەن و بیخەنە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بۆ ئەوەی ناردنی مووچە واژۆبکات، پێش ئەوەی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بچێتە مەککە.

دوێنێ وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی پێنجی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق کرد، پێشتریش سەرچاوەیەکی باڵا وتبووى، بەڵێنیان لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەوەکالەت وەرگرتووە، 27ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی پێنج خەرج بکەن.

دواتریش دەستبەجێ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و پێش جەژنی قوربان سەرجەم مووچەخۆران مووچەی مانگی پێنج وەردەگرن.

2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.

وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، بەوتەی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكرێت، بە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە.

هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار