ئیسرائیل لە دوو هێرشدا 50 کەسى لە غەززە کوشت

4 ڕۆژ لەمەوپێش
لە دوو هێرشی ئیسرائیلدا بە لایەنی کەمەوە 50 کەس لە غەززە کوژران، کە یەکێکیان قوتابخانەیەک بووە کراوەتە ئامانج و ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کرابوو، هێرشەکەی دیکەیان ماڵێکی لە جەبالیا کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، گەورە تیرۆریست بە ئامانج گیراون.
مەحمود بەسڵ گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قوتابخانەی فەهمی جەرجاوی لە گەڕەکی دەرج کە سەدان ئاوارەی لەخۆی گرتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمەکانیان بە لایەنی کەمەوە تەرمی 33 کەسیان گواستووەتەوە کە زۆرینەیان منداڵن، هەروەها نزیکەی 60 برینداریش هەن.
هەروەها ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ماڵی هاوڵاتییەکیان لە ناوچەی جەبالیا لە باکووری غەززە بە ئامانج گرتووە و لە ئەنجامدا بە لایەنی کەمەوە 19 کەس کوژراون.
لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشی سەر قوتابخانەکە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بووە، کە لەناوەندێکی فەرماندەیی لە دەوروبەری بیناکە چالاکییان هەبووە.
سەرباری زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەو وڵاتە هێرشەکانی زیادکردووە و رۆژی یەکشەممەش لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتەدا 22 کەس لە غەززە کوژران کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
پاش دوو مانگ ئاگربەست، ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئازاری رابردووەوە هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە و لە 17ـی ئایارەوە هێرشەکانی چڕترکردووەتەوە و بەگوتەی خۆی دەیەوێت کۆتایی بە حەماس بهێنێت و بارمەتەکان ئازاد بکات و تەواوی غەززە کۆنتڕۆڵبکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی 54 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەی سڤیل برینداربوون.
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی تەلئەڤیڤ، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 17ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هەزار و 218 کەس کوژران کە زۆرینەیان سڤیل بوون.
