مانگی ڕابردوو داهاتی نەوتی عێراق حەوت ملیار دۆلار بووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری فرۆشتنی نەوتی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بڵاو كردەوە، كە تێیدا هاتووە لەو مانگەدا وڵاتەكەمان ١٠٠ ملیۆن و ٩٥٣ هەزار و ٢٨٢ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، داهاتەكەشی شەش ملیار و ٧٣٨ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ڕابردوودا و هەروەها داهاتەكەشی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە گوێرەی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ” لە ماوەی مانگی نیسانی ئەمساڵدا وڵاتەكەمان ١٠٠ ملیۆن و ٩٥٣ هەزار و ٢٨٢ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتەش بریتی بووە لە شەش ملیار و ٧٣٨ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار دۆلار.
بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای سۆمۆ لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ٩٩ ملیۆن و ٧٥٢ هەزار و ٨٧٩ بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، هەروەها ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی كێڵگەی گەیارەوە ٩٥٥ هەزار و ٥٨٤ بەرمیل نەوت بووە.
لە كۆتاییدا هاتووە، ڕێژەی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئوردن ٢٩٩ هەزار و ٨١٩ بەرمیل نەوت بووە.
