ناوەڕۆکى پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەى سه‌رۆكى هه‌رێم و وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

نێچیرڤان بارزانی و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشهاتەکانی کوردستان، عێراق  ناوچەکەمان تاوتوێ کرد."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، "پێزانینم هەیە بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمشەوی وەزیر روبیۆ".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە دەڵێت، "پابەندبوونی هاوبەشم بۆ ئاشتی، سەقامگیری و هاوبەشیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە."
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە: 
 
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025-5-28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ به‌ڕێز مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاوه‌ پێگه‌یشت.
 
له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا هه‌ردوولا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسيان له‌ هاريكاريى بوارى ئابوورى، وزه‌ و گرنگيی بەردەوامبوونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سووریا و ناوچەکە به‌گشتی.
 
به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا سوپاسی سەرۆک نێچيرڤان بارزانی کرد بۆ رۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکومەتی عێراقى فيدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنەرانه‌وە.
 
به‌ڕێز رۆبيۆ جەختی لەوە کردەوە کە پشتگيريی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به‌ بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە. له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار