مالیكی: نرخی پەرلەمانتارێك گەیشتووەتە یەك ملیۆن دۆلار

دوێنێ
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە.
دەشڵێت: ئەو پارە زۆرەی ئەمڕۆ دەیبینێت، هەر گیز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەیبینیوەو، وڵاتێک دەناسێت کە دەیەوێت (100) کورسی بکڕێت و بۆ هەر پەرلەمانتارێك یەک ملیۆن دۆلار دەدات.
مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی وتی: ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (٥٠) یان (١٠٠) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە.
وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار، ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن.
مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن، بە (١٠٠) ملیۆن دۆلار (١٠٠) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە.
جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت.
باسى لەوەشكرد: ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت، یەكیگرت لەگەڵ ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكرێت، ئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، بە ئاشکرا بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، نەدەبوو ئیدارەی پەرلەمان ملکەچی ئەم فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرپرسن لە شكاندنی نیسابی یاسایی.
