وەزیری ناوخۆ: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە

دوێنێ



وەزیری ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. دەشڵێت: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە.

پێنجشەممە، 29-05-2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بەشداریی لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کرد، لە گوتارێکدا باسی لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوە و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان کرد. 

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی: "ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جیددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە."

بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد: "لەم ساڵانەی دواییدا لەسەرتاسەری جیهاندا، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە."

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لە ڕێخکراوی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی تریش تووشێ نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن."

وەکوو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد "بەداخەوە بە هۆی ڕەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کــە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە."

وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار