مەسعود پزیشکیان: پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرین بەڵام چەکی ئەتۆممان ناوێت

دوێنێ
سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزشکیان رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاری دەهێنێت.
پزشکیان لە لێدوانێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمی عومانی گوتووە، ئێران لەسەر باوەڕی خۆی و فەتوای رێبەری باڵای وڵاتەکە، هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات و دژی ئەو هەنگاوەیە، ئامادەشن لەوبارەیەوە دڵنیایی بدەنە ناوچەکە و جیهان، بەڵام ئێران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی و کشتوکاڵ، کە ئەوەش یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەیان پێداوە.
مەسعود پزیشکیان جەختی لەوەشکردەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم راناگرن و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، شانازی وڵاتەکەیە.
وڵاتە رۆژئاواییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا لە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانن. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر هەڵوێستی رۆژئاواییەکان جەختکردنەوە بێ لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، ئەو کاتە ''لەگەڵ ئەوان هیچ قسەیەکمان نامێنێت؛ پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر.
تاران رەتیکردووەتەوە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گومانی لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە.
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نێوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.
