بەشێک لەلایەنەکان بەشدارى کۆبوونەوەکەى پیرمام ناکەن  

دوێنێ




تائێستا پێنج لایەنى دەرەوەى دەسەڵات بایکۆتى کۆبوونەوەکەى سبەینێى پیرمامیانکردوە،  پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی سەرجەم حزبە كوردییەكانی كردووە بۆ كۆبوونەوە سەبارەت بە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە بەغداد.

هەریەکە لە لایەنەکانى (بەرەى گەل، کۆمەڵى دادگەرى، یەکگرتووى ئیسلامى، ڕەوتى هەڵوێست، جوڵانەوەى نەوەى نوێ) بەشدارى کۆبوونەوەکەى پیرمام ناکەن و قسەى جیاوازیان هەیە لەسەرى.

بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکدا دەأێن: بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئێمە پەرلەمانی کوردستان وەک ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەشوێنی کۆبونەوە و بڕیاردان لەپرسە چارەنووسسازەکان دەزانین. هەر بۆیە سەبارەت بە پرسی موچەو کۆی کێشەکان لەرۆژانی داهاتوو قسەی یەکلاکەرەوەمان دەبێت.

کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕایدەگەیەنن بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیەی سبەینێ ناكەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی كردووین

عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، لەپەیامێکدا دەڵێت: ڕاستە بانگهێشتکراوین، بەڵام نابینە بەشێک لەو کۆبونەوە حیزبیانە، ناکرێت، دووساڵ و نیو پەرلەمان پەکبخرێت و حیزبەکان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، کۆببنەوە، وتیشى: چەندین مانگە هۆشداریدەدەین لە ئەگەری دروستبوونی ئەم دۆخە، گوێمان لێناگرێت و تەخوین دەکرێین.

جوڵانەوەی نەوەی نوێش لەڕوونکردنەوەیەکیاندا جەختیان لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە دەعوەتی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی پارتی كراوین، بەڵام بەشداریی هیچ کۆبونەوەیەکی حیزبی  ناکەین.

هەروەها دەشڵێن: لەدیدی نەوەی نوێدا پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی خەڵکی کوردستانە و هەڵبژێردراوی خەڵکە. بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان چالاک بکرێتەوە و هەر لایەنێک دەیەوێت کۆبونەوە ڕێکبخات لەسەر ئاستی لایەنە کوردییەکان، ئەوا پەرلەمانی کوردستان تاکە جێگایە.

سەرچاوەیەک لەیەکگرتووى ئیسلامیش، ڕاگەیاند: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەشداری کۆبونەوەی سبەی ناکات و ئەمشەو مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو بەیانامەی تایبەتی دەبێت.

هاوکات بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) ڕەتی دەكاتەوەو لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: هیچ کەس یان گروپێک بۆی نیە بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کۆبونەوەی لەو شێوە بکات و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکات. بەڵکو رەئی شەخسی خۆیەتی.

بزووتنەوەی گۆڕان (كوردسات) بەشداری كۆبوونەوەكەی سەبینێی پیرمام دەكات و دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان (كوردسات) بەشدار دەبێت.

تائێستاش یەکێتى نیشتیمانى کوردستان هیچ لێدوان یان ڕاگەیەندراوێکى فەرمى لەبارەى بەشدارى یان نەکردنى کۆبونەوەکەى سبەینێ ڕانەگەیاندووە.

پارتی بە بانگهێشتی فەرمی داوای لە حزبەكانكردووە سبەینێ كاتژمێر 11 لە پیرمام كۆببنەوە، لە بانگهێشتنامەکەی پارتیدا هاتووە: دەستەی کارگێڕی پارتی بە پێویستی دەزانێ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا بکات و مەسعود بارزانیش بەشدار دەبێت.

كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەڵوێست وەرگرتنی كورد لە بەغداد لەبەرامبەر راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند: پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ تەواو بووەو هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستكردنی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار