وەزیرى دەرەوەى ئێران: سازش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم ناکەین

2 مانگ لەمەوپێش



 

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم یەک ڕێگە پەیرەو دەکات ئەویش ڕەتکردنەوەی "هەژموونی دەرەکییە."

شەممە، 31ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی".

گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا.

هەروەها عراقچی جەختی لە نەبوونی چەکی ئەتۆمی کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ نەکردووە.

عراقچی گوتیشی: هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە، تەنها لەبەر ئەوەی هەست بە نیگەرانی دەکات، ڕێگری لە گەلەکەمان بکات مافەکەی بەکاربهێنێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانپێدانراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار