حەماس وەڵامیان پێشکەشی نێوەندگرەکان کردووە بۆ ئاگربەست

2 مانگ لەمەوپێش
سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە پشتڕاستیان کردەوە کە وەڵامی خۆیان پێشکەشی نێوەندگرەکان کردووە سەبارەت بەو پێشنیازە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە پێشکەشیان کردووە.
پێشنیازەکەی ئەمریکا پێکدێت لە ئازادکردنی نۆ بارمتەی زیندوو و گەڕانەوەی تەرمی 18 بارمتە بۆ ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل پابەند دەبێت بە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ و لەو ماوەیەشدا دانوستانەکان بۆ وەستاندنی یەکجاریی شەڕەکە دەستپێدەکات.
سەرچاوەکان بە ئەشەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە کە حەماس پەیوەندی و دیدارێکی بەرفراوانی لەگەڵ سەرکردەی گروپە فەلەستینییەکان لە قەتەر و پایتەختەکانی دیکە لەوان بەیروت بە ئامانجی داڕشتنی هەڵوێستی یەکگرتووی فەلەستینی ئەنجامداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەکرێت وەڵامدانەوەکە لەلایەن سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس و گروپەکانى ترەوە بە ئەرێنی وەسف بکرێت، هەرچەندە هەندێک تێبینی لەخۆگرتبوو کە دەبێت دیدێکی لەگەڵدا بێت بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی، سەرەڕای هەموو لایەنە نەرێنییەکانی ئەو پێشنیازە، لەوانەش لایەنگرییەکی ڕوونی بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر ئەو پێشنیازە خراونەتەڕوو، بە کۆی دەنگ لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە قبوڵکراون، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی ئەمریکی هەبێت بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل، ئەوا پێدەچێت قبوڵ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە تێبینییەکانی وەڵامدانەوەکە ئامانجیەتی ڕێگری بکات لە ڕادەستکردنی ڕفێنراوانی ئیسرائیل لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا لە هەفتەی یەکەمدا، وەک لە ڕۆژنامەی ویتکۆفدا هاتووە، بەڵکو بە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکانی لە کەرتى غەززە و تاوانبارانی حەماس ئێستا دەبێت لەنێوان، پێشنیازى ستیڤ ویتکۆف، نێردەى ئەمریکا، بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان یاخود لەناوچوون یەکێکیان هەڵبژێرن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاش لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە کۆشکى سپى رایگەیاند، رێککەوتنى ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە زۆر نزیکە و پێدەچێت رۆژى شەممە رابگەیەندرێت.
هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پێشنیازەکەیان داوە بە حەماس و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن.
کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پاش رازیبوونى ئیسرائیل، پێشنیازی ئاگربەستی ناردووە بۆ حەماس و دانوستانەکان لەگەڵیان بەردەوامن و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن، هیوایخواست ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ بکرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن.
پێشتر بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکا دەکەن، کە لەلایەن ویتکۆفەوە پێشکەشکراوە.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی پشتڕاست نەکردەوە، کە باس لە گەیشتنی هەردوولا دەکەن بە رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ، لیڤیت گوتی "هەرکاتێک راگەیاندنێکی لەوجۆرە هەبێت، بە فەرمی ئاشکرای دەکەن".

