ناتانیاهۆ: ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت پێویستە جیهان هەنگاو بنێت

2 مانگ لەمەوپێش
ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەریخست کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیانە نییەو تاران تا ئێستاش بەنیازی تەواوکردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی خۆی ماوەتەوە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە ئێستاوە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ئێران بوەستێنێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئاستەی پیتاندنی یۆرانیۆم پێی گەیشتووە "تەنها لەو وڵاتانەدا دەبینرێت کە چالاکانە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێن، و هیچ پاساوێکی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک نییە".
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دوو ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن، ئێران ئێستا دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمیی دروست بکات، ئەمەش وڵاتانی ڕۆژاوای نیگەران کردووە.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردووە و تێیدا هاتووە "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە."
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە "35 ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە نێوانیاندا بەریتانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە کە ئێران، پێشێلکاری یاسا و ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کردووە."
پێشتر عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی".
گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا.

