ئێران: بەپێی فتوای خامنەیی، چەكی ئەتۆمی قەدەغەیەو بەرنامە ئەتۆمیمان شەفافە

2 مانگ لەمەوپێش
ئاژانسی ئەتۆمی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەپێی فتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، چەكی ئەتۆمی بەهیچ جۆرێك لەناو باوەڕی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە.
وەڵامی وەزارەتی دەرەوەو ئاژانسی ئەتۆمی ئێران سەبارەت بە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە باسلەوە دەكات ئێران چالاكی شاراوەی ئەتۆمیی هەیەو زیاد لەبڕی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمب، یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە: بەپێی فتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، چەكی ئەتۆمی بەهیچ جۆرێك لەناو باوەڕی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە.
هەروەها دەڵێن بەگوێرەی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتیی، هیچ بەربەست یاخود سنورداركردنێك نییە بۆ بەهرەمەندبوون لە وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشكرایدەكات؛ لەدانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا پێشكەوتن بەدیهاتوە هەروەها ئامادەكارییان بۆ دامەزراندنی دو وێستگەی نوێ كردوە كە توانای بەرهەمهێنانی (20) هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە.
وتیشی: ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەبواری ئاشتیدا بەكاردەهێنێت، یەكێك لەو وێستگانەش لە بوشێهرە كە توانای بەرهەمێهانی هەزار مێگاوات كارەبای هەیە و لە ساڵی رابردودا (7.3) ملیار کیلۆ وات کارەبای بەرهەمهێناوە.
رونیكردوەتەوە، زەویان بۆ دامەزراندنی دو وێستگەی دیكەی ئەتۆمی تەرخان كردوە كە لەسەر بنەمای رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی ئامادەكاری بۆ بەرهەمهێنانی (20) هەزار مێگاوات كارەبا دەكەن، بۆیە تاران ناتوانێت گوێ لە ئەو پێشنازانە بگرێت كە لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەخرێنەرو.
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، رێکخراوەکەیان لە پەرەپێدانی پلازما، لەیزەر و چارەسەری کوانتەمدا، پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە هەروەها توانیوانە دەرمانی تیشکی كە بەرهەمهێنراوی ناوخۆیە لە چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنی زۆربەی نەخۆشیەکاندا بەکاربهێنن.

