پەرلەمانی تورکیا پاكێجی هەمواری یاسای سزادانی پەسەند کرد
.jpg)
3 ڕۆژ لەمەوپێش
دەیەمین پاکێجی دادوەری کە لەلایەن ئاک پارتییەوە پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرا، سەرەڕای ناڕەزایەتی و رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن، لە لیژنەی دادوەری پەسەندکرا.
پاكێجی هەمواری یاسای سزادان كه لهلایهن فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی)ـیهوه پێشكهشی سەرۆکایەتیی پهرلهمانی توركیا كرابوو، لهلایهن لیژنهی داد و یاساییهوه پهسهند كرا.
دوای پەسەندکردنی پاکێجەکە، چــــاوەڕێ دەکرێت له چهند ڕۆژی داهاتوودا لهلایهن ئهنجوومهنی گشتیی پهرلهمانهوه گفتوگۆی لهبارهوه بکرێت.
ئاکپارتی، کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 10ـەمین پاکێجی هەمواری یاسای سزادانی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی داوای کردبوو، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە جەخت دەکەنەوە، پاکێجەکە چاوەڕوانییەکانیانی لە خۆ نەگرتووە.
عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەو بارەوە گوتوویەتی: "پاکێجەکە هەموارکردنەوەی یاسای سزادان و هەشت یاسای دیکە لەخۆ دەگرێت، لە 30 ماددە پێک هاتووە و ڕۆژی 31 ئەم مانگە لە لیژنەی دادی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. ئامانجمان لە هەموارەکە، هێنانەدی دادپەروەرییە لە جێبەجێکردنی یاسای سزادان و هاوکات ڕێگریکردنە لە تاوان و بەدیهێنانی ئاسایش کۆمەڵایەتی."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی داد، زیاتر لە 403 هەزار سزادراو لە زیندانەکانی تورکیادا هەن. سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی باسی لەوەش کرد "لە هەموارەکەدا 19 هەزار و 800 زیندانیکراو سوودمەند دەبن، کە بۆ دووەم جار تاوانیان کردووە و پاش بەسەربردنی سێ لەسەر چواری سزاکەیان لە زیندان، بە مەرج ئازاد دەکرێن. ژنان و منداڵان سوود لە هەموارەکە وەردەگرن. هەروەها پێشبینی دەکرێت 1500 بۆ 2000 زیندانی نەخۆش سوود لە هەموارکردنەکە وەربگرن."
عەبدوڵا گولەر ئەوەشی خستە ڕوو "لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر، هەوڵ و کاری زۆر بە پەرۆش و دڵسۆزانەمان هەیە. لە ڕۆژانی داهاتوودا لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕووی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگاکەمانەوە، بەردەوام دەبین لە کار و ئامادەکارییە جدییەکانمان. ئەگەر پێویست بکات هەمواری دیکەی تایبەت بە پرۆسەکە ئامادە دەکەین."
لە لایەکی دیکەوە سێزای تەمەلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، لە پاکێجەکەدا کەموکووڕی زۆر جددی هەیە و چاوەڕوانییەکانییانی لەخۆ نەگرتووە. گوتیشی: گرنگترین بابەت ئەوەیە پاکێجەکە هەموارکردنەوە لە یاسای زیندانییانی سیایسی لەخۆ بگرێت، بەڵام لە پاکێجەکەدا نەهاتووە، بۆیە هەوڵی نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی پاکێجەکە دەدەین.
ئەمە لە کاتێکدایە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات، چاکسازیی یاسایی بکەن، تا عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و بەشێکی زۆری زیندانیانی سیاسیی کورد کە چەندان ساڵە بە تۆمەتی جیاواز لە زینداندان، ئازاد بکرێن.
هەفتەی ڕابردوو، دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پەکەکە لە نوێترین لێدواندا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە میدیای ڕێکخراوکەی ڕاگەیاند "حکوومەتی تورکیا تەنانەت بچووکترین چاکسازیی یاسایی پێویستیشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەکردووە. ناکرێت پرۆسەکە بە هەنگاوی تاکلایەنە یان تەنها گوتاری نیازپاکی بەردەوام بێت. دەبێت دەسەڵات هەنگاوی جددی بۆ بنێت."
