ئیسرائیل فەرمانیدا هێزەکانى پێشڕەوی بکەن بەرەو ناو غەززە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە هێزەکانیان لە غەززە کردووە، بێ گوێدانە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاشتی، پێشڕەوی بکەن بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنە فراوانەکەیان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند، فەرمانی بەهێزەکانی وڵاتەکەی کردووە، هەموو تواناکانیان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی سەربازەکانیان و لەباوبردنی حەماس.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ چاوی لە رێککەوتنە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە و گەڕاندنەوەى بارمتەکان، کە لەڕێگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیازێکى بۆ ئاگربەستی غەززە پێشکەشکردوە و ئیسرائیل و حەماس داوای گۆڕانکاریی بەشێک لە خاڵەکانی پێشنیازەکەیان کردوە، لەدواین داواکاریشدا حەماس پێداگیری لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و رەزامەندیشی پیشانداوە بۆ ئازادکردنی 10 بارمتە و 18 تەرمی ئیسرائیلی.
هاوکات، گوتەبێژى دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە ئەمریکا پشتیوانیی دەکات، رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە کوژران و برینداربوونی دەیان کەس دەکەن لە نزیک دوو ناوەندی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی، راست نین.
گوتەبێژی دامەزراوەی مرۆیی غەززە راشیگەیاند، هاوکارییەکان بەباشی دابەشکراون و ئەو دەنگۆیانەی باس لە کوژرانی هاوڵاتییان دەکەن لەلایەن حەماسەوە، بۆ شێواندنی راستییەکان بڵاودەکرێنەوە.
