پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی موچەوە ڕادەگەیەنێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتیی بارزانی کۆ دەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
بــە گوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ، دووشەممە، 02-06-2025، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆ دەبێتەوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، تاوتوێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لـە ڕاگەیەندراوێکدا ئــەوەی خستبووە ڕوو "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسیکردنی قووتی خەڵکە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردبوو "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جددیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."
هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە."
